کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران و پەسەندکردنی ڕۆژێک وەک ڕۆژی زیندانیی سیاسیی کورد

16:46 - 3 خەرمانان 2722

رۆژی 1ی خەرمانانی 1401، (23ی ئاگۆستی 2022) بە بەشداری بەرپرسانی یەكەمی حیزبەكان‌و بە میوانداری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو. سەرەتای كۆبوونەوەكە بەڕێز كاك عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وەك بەرپرسی دەورەیی ناوەند پاش بەخێرهاتنی میوانان، پیرۆزبایی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكانی لە هەئیەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. دواتر دەستوری كاری كۆبوونەوە لەلایەن كاك عومەرەوە خرایە ڕوو و وەك دەستپێك گفتوگۆیەك لەسەر بارودۆخی ئێران و كوردستان بەتایبەتی دۆسیەی بەرجام و ئاسەوارەكانی رێكەوتن یان رێنەكەوتنی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی ئێران و رۆژئاوا كرا. هەروەها شەڕی ئۆكراین و كاریگەریی درێژكەوتنەوەی ئەو شەڕە گفتوگۆی لە بارەوە كرا. لەو بوارەدا هەم هاوڕایی هەبوو، هەمیش بۆ هەموو ئەگەرەکان بڕیار درا کە ئامادەگی و یەکگرتویی ناوەندی هاوکاریی لە هەموو بوارەکاندا زۆرتر بکرێ و بۆ پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی بزوتنەوەی کوردستان. لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەك لەسەر داواكاریی ژمارەیەك چالاکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندی هاوكاری كرا. لایەنەكان پاش دەربڕینی نەزەر و بۆچوونی خۆیان وەك سیاسەتی ناوەند و دانانی ئەولەویەت بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە قبوڵی پرسی کورد نزیکن و ساحێب پێگەی کۆمەڵایەتین، باسکرد و بڕیار درا هەنگاوی جیدیتر لەو بوارەدا هەلگیرێ. هەموان پێشوازییان لە دیالۆگ لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کرد. لەتەوەرێكی دیكەدا قسەوباسێك لەسەر كۆمەڵێك كار و راسپاردەی ناوەند بۆ كاری نێودەوڵەتی و تاوتوێكردنی چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند كرا و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا. لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پێشنیاری ژمارەیەك رێكخراوی مەدەنی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی 12ی جۆزەردان كە رۆژی ئێعدامی بەكۆمەڵی 59 لاوی شاری مەهابادە وەك رۆژی زیندانی سیاسی خرایە بەرباس و بەشداربووان پەسەندیان کرد کە ئەو رۆژە وەك رۆژی زیندانی سیاسی كورد بە فەرمی بناسرێت.