کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ڕێککەوتنی ناوکیی نوێ پێش لە چالاکییەکانی ئیسرائیل بەدژی ئێران ناگرێ

14:56 - 5 خەرمانان 2722

بەرپرسی دەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل" مووساد" بە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی جەوبایدن، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ڕێککەوتنی نوێی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، پێش لە چالاکییەکانی ئیسرائیل بەدژی ڕێژیمی ئێران ناگرێ. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیسرائیلی" جێروزاڵم پۆست" داوید برێنعە، بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیارییەکانی ئیسرائیل" مووساد" ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسیی و ئەمنییەتیی ئیسرائیل، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی جەو بایدن، بەهۆی پەلەپەل‌کردنی ئەو دەوڵەتە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: ئیسرائیل بەشێک لەو ڕێککەوتنە نییە و مافی ئەوی هەیە بەرگریی لە وڵاتەکەی و هاوڵاتییانی بکا و ئێمە ناتوانین بێ دەنگ لە شوێنکدا دابنیشین و چاو لە بەربڵاوبوونی مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران بکەین، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە نوێیە کار و چالاکییەکانمان بەدژی ڕێژیمی ئێران ڕاناوەستێنێ. ناوبراو لەبەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بەئاماژە بە هەڕەشە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەوە ئێمەین کە لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان کێشەمان هەیە نە ئەمریکا، ئێمە بە گژ گرووپی جیهادی ئیسلامیدا دەچینەوە نە ئەمریکا، ئێمە لەگەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیم و میلیشیا بە وەکالەتەکانی لە سووریە شەڕ دەکەین و ڕووبەڕوویان دەبینەوە نە ئەمریکا. بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و زانیارییەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژیک ئەمریکا بڵێ من ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵم و دەڕۆم، بەڵام خۆ ئێمە وڵاتی خۆمان بە جێناهێڵین و بەهەموو شێوەیەک دەیپارێزین.