کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیم و یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ، مرد

11:04 - 31 بانەمەڕ 2724

پاش زیاتر لە ١٢ کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەی هێلێکۆپتێری سەرۆککۆماری ئێران و شاندەکەی لە دارستانەکانی دیزمار، پارچەکانی هێلیکۆپتێرەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تیمەکانی فریاکەوتنەوە دۆزرایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، سەرۆککۆمار و شاندەکەی لەم ڕووداوەدا کوژراون.

بەم پێیە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری هەشتەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان لەگەڵ مالک ڕەحمەتی پارێزگاری پارێزگای ئازەربایجان، مەهدی مووسەوی فەرماندەی تیمی پاراستنی سەرۆککۆمار و هەروەها محەممەدعەلی ئال هاشم پێشنوێژی هەینی و نوێنەری خامنەیی لەو پارێزگایە لە ڕووداوەکەدا کوژراون.

فەرماندەی سپای عاشوورای سپای پاسداران پاش دۆزینەوەی پارچەکانی هێلیکۆپتێرەکە ڕایگەیاندووە کە لەشی کوژراوەکان سووتاوە و زۆربەیان ناناسرێنەوە.

هاوکات لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی مردنی سەرۆککۆمار و شاندەکەی، هەیئەتی دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد موخبێر جێگری یەکەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، کۆبوونەوەی بەپەلەی بەڕێوە برد.

ڕەئیسی و شاندەکەی دوێنێ ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ پاش سەردانکردن لە ڕێڕەوەی تڕانزیتیی ئەرەس، هێلیکۆپتێرەکەیان تووشی ڕووداو بوو و لە دارسانەکانی دیزماری پارێزگای ئازەربایجان کەوتە خوارەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە کاتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی جێگری دادستانیی تاران بوو کە لە کوشتنی بەندکراوانی سیاسی ئەو کاتدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە و وەک یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ دەناسرێت.

ڕەئیسی لە کاتی سەرۆککۆماریی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو لەسێدارەدانانە بە بڕوای ئەو شتێکی باش و گونجاو بووە.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش مردنی سەرۆککۆمار، جێگری یەکەمی بە ڕەزامەندیی ڕێبەری ئێران دەتوانێت ئەرکەکانی سەرۆککۆمار بگرێتە ئەستۆ و دەبێ پاش ٥٠ ڕۆژ بە هاوکاریی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و بەرپرسی دەزگای دادوەریی، بارۆدۆخێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ دابین بکەن.