کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری ڕەئیسی دڵخۆشیی دژبەرانی ڕێژیمی بە دواوە بوو

11:24 - 31 بانەمەڕ 2724

هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕدا، ئێرانییەکانی بەسەر دوو بەشدا دابەش کرد، ئەم ڕووداوە دژبەرانی ڕێژیمی دڵخۆش و لایەنگرانی ئەو ڕێژیمەی دڵتەنگ کرد.   

لەم نێوانەدا هەڵوێستی ئەو بنەماڵانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی سیاسەتە دڕندەکانی ڕێژیمی ئێران ئازیزانیان لەدەست داوە، ڕەنگێکی جیاوازیان هەبوو.

شاهین موقەدەم کە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی کە بە مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران کرایە ئامانج لەدەست دا، لە پۆستێکدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا نووسی: گەر زیندوو بن ئەتوانن ساردبوونی هەوا، حاڵی ئەو کەسانە لە ساتی کەوتنی فڕۆکەی مووشەکلێدراو، کوێربوونی چاوەکان، تاریکی و بێ ماڵ و حاڵ بوون، برسیبوون و چاوەڕوانیی مەرگ لە کاتی بانگداندا بە جوانی تێبگەن و دەرک بکەن.

هەروەها بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی کوژران و کوێربوونی کەسانی ناڕازی لە ئێرانی ڕەت دەکردەوە نووسیان: "زەوی زۆر خڕە".

خەڵک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەم بە شێوازگەلی جیاواز خۆشی خۆیان بەو هەواڵە نیشان دەدا، بۆ نموونە لە بەشێکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەقز  و مەهاباد هاوڵاتییان بە تەقەی خۆشی و تەقاندنی یاریی ئاگرین و بڵاوکردنەوەی شیرینی خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا.

هەروەها لە دەرەوەی ئێران، بەپێی بەشێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە بڵاو بوونەتەوە ئێرانییەکانی دانیشتووی شارەکانی وەک تۆرێنتۆ و لەندەن بە کۆبوونەوە لە ناوەندی شارەکان یان لە بەردەم باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی و ژەنینی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و بڵاوکردنەوەی شیرینی خۆشیی خۆیان نیشان دا.

شایانی باسە لە هەمان کاتدا، ڕیچارد ئێسکات، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیویەتی، "ئەگەر ڕەئیسی مردبێت، ئێستا جیهان شوێنێکی ئەمنتر و باشترە".

هەروەها مۆرگان ئۆرتێگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، لە کاردانەوە بە ڕووداوە نووسیویەتی، مردنی نابێتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا، چونکە هەموو شتێک لە دەستی ڕێبەری ڕێژیم، عەلی خامنەییدایە.

ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی یەکشەممە بەمەبەستی کردنەوەی بەنداوێک لە سنووری نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ حوسێن ئەمیرعبدوڵڵاهییان، وەزیری کاروباری دەرەوە، سەفەرێکی ناوچەکی کردبوو، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئێران لە نزیک شاری تەورێز هێلیکۆپتەرەکەیان تووشی ڕووداو دەبێ و دەکەوێتە خوارەوە.

شایانی باسە کاردانەوە بەم هەواڵە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زیاتر دەبێ.