کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانۆ: چالاکیی بنکەی پارچین گۆماناوییە و پێویستە لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت

21:12 - 14 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، دەبێ‌رێژیمی ئێران رێگا بە پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بدات سەردانی بنکەی ئەتۆمیی پارچین بکەن.
یۆکیا ئامانۆ وتیشی: وتووێژەکانی یەکیەتی ئورووپا لەگەڵ ئێران لەمەڕ بەرنامە ناوکییەکەی، هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە.
ئەو لێپرسراوە وتیشی: ئاشتی بوونی بەرنامە ناوکییەکەی رێژیمی ئێران جێگای گۆمانە و بۆ رەوینەوەی ئەو گۆمانانە پێویستە ئێران رێگا بە پشکنێەران بدات، سەردانی ناوەندی پارچین بکات.
لێپرسراوانی ئێران بەردەوام ئەم قسانەیان بە ئیدیعا وەسف کردووە و بۆ خۆشیان ئیدیعا دەکەن کە هەوڵەکانی ئاشتیخوازانەیە. سەرەڕای ئەم مەسەلانە دوایین راپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوکی لەمەڕ چالاکییە ناوکییەکانی ئێران باس لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەست پێڕاگەیشتنی چەکی ئەتۆمی دەکەن.
پێشتریش دامەزراوەی زانستی و ئەمنیەتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رایگەیاندبوو: گرتە ڤیدیۆیی‌یەکان دەربڕی گوماناوی بوونی ناوەندی ئەتۆمیی پارچین لە ئێراندا دان.
ئەو دامەزراوەیە ئاشکراشی کردبوو، هێندێ‌زانیاریمان لە ماڵپەڕی پارچین بەدەست هێناوە کە دەرخەری ئەوەن، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەواری دروست کردنی چەکی ئەتۆمە.
پیشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە دوایین سەفەری خۆیاندا بۆ ئێران رایانگەیاندبوو کە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئیزنیان نەداوە سەردانی بنکەی ئەتۆمیی پارچین لە نزیک تاران بکەن.
بنکەی ناوکیی پارچین سەربە وەزارەتی بەرگریی ئێرانە، کەلە باشووری تاران هەڵکەوتووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دوو جار لەلایەن ئاژانسەوە پشکێنراوە.