کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا/ بەڕێوەچوونی رێورەسمێکی تایبەت بە ٨ی مارس لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتەوە

21:03 - 19 رەشەمه 2714

کوردستانی میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، شەو ئاهەنگێکی بەرێوە برد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی یەکشەممە، ١٧ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ ٨ی مارس، شەو ئاهەنگێک لەلایەن کۆمیتەی ئامریکای یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و میوانان بەڕیوەچوو.

ئەم شەوئاهەنگە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کورستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی ئەم رێوڕەسمە تایبەتەدا، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن سەیران شەرەفی بەرپرسی کۆمیتەی ئامریکا یەکیەتیی ژنانەوە پێشکەش کرا.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ ئامریکا لە لایەن عوسمان پاڵانی ئەندامی کۆمیتەی حیزبەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، پەیامی لقی ئامریکای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە لایەن رەحیم رەشیدیـەوە بەم بۆنەیەوە خوێندرایەوە.

بە پێێ ئەم راپۆرتە، لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە دا جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتە‌ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بیرەوەرییەکی لە سەر قارەمانیەتیی شەهید عەبووبەکر رەحیمی (عەبوو چەقەڵ مستەفا) لە شەرێکی قارەمانانە‌دا و رۆڵی ژنان لە سەرکەوتنی ناوبراو لەم شەرە نابەرابەرە‌دا پێشکەش کرد.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانیدا، ئیشارەی بە رۆڵی بەرچاوی ژنان لە خزمەت بە شۆڕش کرد لەسەر ئەوەی کە ژنان تەواوکەری خەباتی گەلی کورد بە دژی داگیرکەرانی کوردستانن، جەختی کردەوە.

بڕگەی کۆتایی ئەم رێوڕەسمە بۆ هەڵپەڕکێی گشتیی تەرخان کرابوو.

ئاویەر.ت