کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە یادی ٣٦ ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی و شیمیایی بارانی هەڵەبجە

15:25 - 24 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا:شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یادی ٣٦ ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی و یادی شیمیایی بارانی هەڵەبجە بەشداری کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی پارتی دێموکراتی کوردستان، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە یادی ٣٦ ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی نەمر و یادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە لە شاری برێمن- ئاڵمان بەشداریان کرد.
لەو بۆنەیە، بەرپرسی کۆمیتەی حزب لە ئاڵمان وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەکەیدا بە گشتی تیشکی خستە سەر بزاڤی رزگاریی خوازی گەلی کورد و کاریگەری رێبەرانی ئەو بزاڤە و بە دیاریش چوونی بارزانی بۆ مەهاباد و بەتایبەت رۆڵی گرینگی پێشەوا قازی محەممەد لە سەر بەشداریی کوردەکانی دیکەی کوردستان لە کۆماری کوردستان کرد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لەلایەن کوردانی دانیشتووی شاری برێمن و دەورووبەری، یادی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە و شەهیدانی ١٢ی ئاداری شاری قامشلوو لە بەردەم پەرلەمانی برێمن کرایەوە.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و ئەندامانی حیزب لە بەڕێوەبردن و یاد کردنەوەی ئەو دوو بۆنەدا چالاکانە بەشدار بوون و رۆڵی سەرەکیان لە بەڕێوەبردنیدا گێڕا.

کازیوە.ر