کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی ٥ عەرەبی ئەهوازی مەحكووم بە ئیعدام لە بەردەم ناوەندە حكوومییەكان ناڕەزایەتییان دەربڕی

14:57 - 19 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: بنەماڵەی ٥ عەرەبی ئەهوازی كە حوكمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، لەبەردەم بیت رهبری لە شاری خەلفیە كۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.


چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازی بڵاوی كردەوە، ئەو بنەماڵانە خوازیاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدامی ئەو ٥ چالاكە فەرهەنگییە بوون.
هاشم شەعبانی شاعیر و وب‌نووس، هادی راشیدی مامۆستای شیمی، محەممەد عەلی عەمووری‌نژاد وب‌نووس و چالاكی خوێندكاری، سەید یابر ئەلبووشووكە و سەید موختار ئەلبووشووكە ئەو ٥ هاووڵاتییەن كە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە حوكمی ئیعدامیان بەسەدا سەپاوە.
پێشتریش بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە لەبەردەم بینای فەرمانداریی شاری خەلفیە كۆببوونەوە و خوازیاری پێداچوونەوە بە دۆسیە و راگرتنی حوكمی ئیعدامی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە بوون.
هەتا ئێستا ئەو بنەماڵانە بۆ چەندین جار لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتییەكانی وەكوو زیندانی كاروون، دادگوستەری و دەفتەری ئیمام جومعە كۆبوونەتەوە و خوازیاری چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٧‌ی رێبەندان بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە عەرەبە خوازیاری چاوپێكەوتن لەگەڵ محەممەد باقر ئولفەت لێپرسراوی دادگوستەری ببوون بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە پێشیان پێ‌ گیرابوو.
ماوەیەك لەمەوبەریش چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهوازی رایانگەیاندبوو، هاوكات لەگەڵ ئەگەری بەڕێوەچوونی حوكمی سێدارە بۆ ٥ كەس لە چالاكانی عەرەبی ئەهوازی، دۆخی ئەو شارە بە توندی ئەمنیەتی كراوە.