کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی وێنەگرێكی كوردی كرماشانی لە فێستیڤاڵی \"كلیولند\"ی ئەمریكا نمایش دەكرێت

15:36 - 19 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی بوغز لە وێنەگری توورەج ئەسڵانی لە ٣٧ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی كلیولەندی ئەمریكا دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان.
بەپێی هەواڵی پایەگای خەبەری کورتە فیلم، فیلمی سینەمایی بوغز لەدەرهێنانی رەزا دورمیشیان و لە وێنەگری توورەج ئەسڵانی هونەرمەندی كورد لە فێستیڤاڵی كلیولەند كە لە رێكەوتی ١٤ی خاكەلێوەوە دەستی پێكردووە نمایش دەكرێت.
ئەو فیلمە پێشتریش لە فێستیڤاڵەكانی وڵاتانی كانادا، لهێستان، ئوسترالیا، بریتانیا، هیند و تاجیكستان چۆتە سەر پەردەی سینەماكان.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەریش فیلمی وەرزی كەرگەدەن لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی و وێنەگری توورەج ئەسڵانی توانی خەڵاتی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ بەدەست بێنێت.

لە رێوڕەسمی كۆتایی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ، فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ وێنەگری لاوی كورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرهەمی هونەری بە شێوەی هاوبەش بۆ بەهمەن قوبادی و داریووش پەیرەو و هەروەها خەڵاتی دیمەنە دەستكردەكان بۆ فەرید خۆش تینەت بەدەستبێنێت.