کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانتارانی یەکیەتیی ئورووپا کۆ بووەوە

14:40 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ چەند ئەندام پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا کۆ بووە و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی هاوکات لەگەڵ سەردانی محەممەدجەواد زەریف بۆ ئورووپا باس کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، چەند دیدارێکی لەگەڵ چەند ئەندام پارلمانێکی یەکیەتیی ئورووپا ئەنجام دا و ئەم دیدارانە لە ئاراستەی لەقاودانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێران، موحەممەد جەواد زەریف بوو، کە هاوکات سەردانی پارلمانی ئورووپای دەکرد.

لە یەکەمین دیداردا، ئەحمەدی لەگەڵ کلاوس بوچنێر، ئەندام پەرلمانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران کۆبووەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەحمەدی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە یەکیەتیی ئورووپا هەڵەیەکی گەورە دەکا ئەگەر پێی وا بێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتە توندڕەوەکانی خۆی‏دا دەهێنێت و یەکیەتیی ئورووپا دەبێ ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرێ کە ئێران کەڵک لە سەردانی زەریف بۆ پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا وەردەگرێت بۆ ئەوە مەشروعییەت بە سیاسەتە زەبر و زەنگەکانی خۆی لە نێو خۆی ئێران و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدا.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە هەر چەند کەسانێک وەکوو زەریف بە قسە باسی ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا، بەڵام لە کردەوەدا هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە ناوچەکەدا، پەرە بە سیاسەتە توند و تیژەکانی خۆی دەدات. لەم پێوەندیەدا ئەحمەدی هەروەها داوای کرد کە بوچنێر هەڵوێستی هەبێ و لە ڕێگای ئەرکەکەیەوە وەکوو ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران، فشاری زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.

بوچنێر لە قسەکانیدا هێمای بەوە کرد کە یەکیەتیی ئورووپا باش دەزانێ کە ئێران مافی گەلی کورد پێشێل دەکا و ڕۆڵێکی نێگەتیڤ دەگێڕێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوراستدا و ئەم دیالۆگە کە دەستی پێ کردووە لە نێوان ئورووپا و ئێراندا، بەو مانا نیە کە چاوپۆشی لە کردار و سیاسەتەکانی ئێران دەکردرێ.

لە دیداری دووهەمدا، ئەحمەدی لەگەڵ دامیانو زوفولی، ئەندام پارلمان و جێگری بەرپرسی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران کۆبووەوە.

لەم کۆبوونەوەدا ئەحمەدی باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و هەلومەرجی سیاسیی و ئەمنییەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای کرد کە زوفولی هاوکاریی گەلی کورد بکات بۆ ئەوە ئاستی ئاگایی لەسەر ئەم پرسانە بەرز بکاتەوە لە پارلمانی ئورووپا و هەروەها ڕێگا نەدا کە کۆماری ئیسلامی لە پێوەندییەکانی لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا ئەم پرسانە لە پەراوێز بخا.
زوفولی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە تا ئەو جێگایەی بۆی بکرێ، هەوڵ دەدا کە بایەخی زیاتر بەم پرسانە بدات و هەروەها لە دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‏دا، ئەم پرسانە باس بکات.

لە سێهەمین دیداردا، ئەحمەدی لەگەڵ تونێ کەلام، ئەندام پارلمان و دۆستی کورد و حیزبی دێموکرات، کۆ بووەوە.

لەم کۆبوونەوەدا باسی چۆنیەتی پتەوکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی نێوان حیزبی دێموکرات و کەلام کرا بۆ ئەوەی پرسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست بکرێت بە یەکێک لە پرسە گرینگەکانی پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کەلام باسی ئەوەی کرد کە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ محەممەدجەواد زەریف باسی پرسی کوردی کردبوو و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدا کە پرسی کورد لە ڕۆژەڤی پارلمانی ئورووپادا هەبێ.

لە چوارەمین دیداردا، ئەحمەدی لەگەڵ ماریەتیە شاکە، ئەندام پارلمان و ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەدا باسی ڕۆڵی ئێران لە پەرەپێدانی شەڕ و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست کرا و ئەحمەدی گوتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و یەکیەتیی ئورووپا نابێ پێی وابێ کە بە هۆی ئامادە بوونی ئێران بۆ ڕێکەوتن لەسەر پرسی ناوکی، کردار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ دێت، بە پێچەوانە دەبێ یەکیەتیی ئورووپا چاوەڕێی ئەوە بێ کە کۆماری ئیسلامی کەڵک لەم هەلومەرجە وەردەگرێ بۆ ئەوە زیاتر لە پێشتر پەرە بە سیاسەتەکانی خۆی بدا. شاکە لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ بایەخی زیاتر بە پرسی مافی مرۆڤ و کولتوری لە ئێران بدرێ لە دیالۆگی یەکیەتیی ئورووپا و ئێران.

لە پێنجەمین دیداردا، ئەحمەدی لەگەڵ یانوسز لەواندوسکی، ئەندام پارلمان و بەرپرسی یەکەمی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران کۆبووەوە.

لەم کۆبوونەوەدا باسێکی پتەو لەسەر هەلومەرجی نێوخۆی ئێران، هەڵبژاردنی داهاتووی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و ناسەقامگیری لە سووریە و عێراق و ڕۆڵی ئێران کرا.

لەم کۆبوونەوەدا، ئەحمەدی پێداگریی کرد کە یەکیەتیی ئورووپا نابێ بەها دێموکراتیکەکانی خۆی لە پەراوێز بخا لە دیالۆگەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەبێ زیاتر پێداگری لەسەر ئەو بەهایانە بکات.

ئەحمەدی هەروەها گوتی کە لە دواڕۆژدا، ئەندامانی پارلمانی ئورووپا کە ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێرانن، دەبێ بتوانن بە شانازییەوە سەیری ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی خۆیان بکەن. لێڤاندوسکی، کە بۆ خۆی خەڵکی پۆلۆنیایە، باسی ئەوەی کرد کە ئەو زۆر باش دەزانێ کە گەلی کورد چەندە زوڵمی لێ دەکرێ و تا ئەو جێگایە بۆی بکرێ هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە پرسی کورد لە ئێران بدرێ.

13753.jpg

13754.jpg