کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ٤٤مین کۆنگرەی سوسیال دێموکراتی فینلاند

18:03 - 22 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بانگهێشتنێکی فەرمیدا لە کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکانی فینلاند بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بە سەرپەرستیی \'\'شنە رەزاوی\'\'، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ٤٤مین کۆنگرەی پارتی سوسیال دێموکراتی فینلاند بەشداریی کرد.
جیا لە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەرانی ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسیی کوردستان، ئورووپا و ئاسیا و هەروەها نوێنەرانی باڵوێزخانەکانی وڵاتانی وەکوو فەڕانسە، ئوتریش، ڤییەتنام، قەزاقستان، رووسیە، سوێد و ئاڵمان بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون.
لە پەراویزی بەرنامەکانی ئەو کۆنگرەیەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند کۆمەڵێک پرسی لەبارەی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و مەسەلەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی فیلاند هێنایە بەر باس.
کۆنگرەی پارتی سوسیال دێموکراتی فینلاند رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو و نزیک بە ٥٠٠ ئەندام تێیدا بەشدار بوون.
پارتی سوسیال دێموکراتی فینلاند ساڵی ١٨٩٩ی زایینی دامەزراوە و هەنووکە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە و هەتا ئێستا ٤٤ کۆنگرەی خۆی بەستووە.