کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات، لە ٥٧ـەمین کۆبونەوەی ژنانی سوسیالیستی نێونەتەوەیی لە نیۆیۆرک

15:43 - 19 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ٥٧ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی سوسیالیستی نێونەتەوەییدا پەیامی خۆی پێشکەش کرد و بارودۆخی ژنانی کوردی بۆ ژنانی جیهان خستەڕوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ٥٧ـەمین کۆبونەوەی ژنانی سوسیالیستی نێونەتەوەیی بۆ باس لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان، لە ١٣ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی لە نیۆیۆرکی ئەمریکا دەستی پێ کردووە و هەتا ٢٥ ی رەشەمە درێژە دەکێشێت.
لەو کۆبوونەوە ساڵانەیەدا بە دەیان نوێنەری رێکخراوەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەتی ژنانی ئەندامی ئەنتێرناسیۆنال سوسیالیست بەشدارییان هەیە.
یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ئەندامی ژنانی سوسیالیستی نێونەتەوەیی‌یە، لەو کۆبونەوەیەدا بەشداریی چالاکانەی هەیە.
هەیئەتی ژنانی دێمۆکرات پێکهاتوو لە سەیران شەرەفی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری واشینگتۆن، مەحبووبە حوسێنی ئەندامی بەڕێوەبەری و دورییا عەبدوڵڵازادە ئەندامی یەکیەتیی لاوان، لە باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارییان کرد.
رێکەوتی ١٧ی رەشەمە پاش وتاری وەفا حاجی بەرپرسی ژنانی سوسیالیست، چانتال کامبیوا جیگری بەرپرس و ژانێت کامیلۆ نوێنەری ژنانی سوسیال دێمۆکراتی کۆماری دۆمێنیکەن سەبارەت بە وەزعی ژنان لە وڵاتانی جۆربەجۆر، سەیران شەرەفی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.
سەیران شەرەفی پاش باسێکی گشتیی لەسەر بارودۆخی نالەباری ژنانی کوردستانی ئێران، لە بەشێک لە پەیامەکەدا گوتی: ژنانی وڵاتی ئێمە بەهۆی یاسا و رێسای دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی، کەوتوونەته بەر توندوتیژیی ئەوتۆ کە رواڵەتی دینی و ئایینیی بە خۆیەوە گرتووە و وتیشی: رەفتاری دەزگا ئەمنیەتی و دەوڵەتییەکان بەرامبەر بە ژنان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆر بوونی توندوتیژیی دژ بەژنان لە کۆمەل و تەنانەت لە چوارچێوەی بنەماڵە دایە.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات لەدریژەی قسەکانیدا وتی: ژنانی کورد لە ٣ بواردا لە بەراورد لەگەڵ ژنانی باقی بەشەکانی ئێران لە بارودۆخێکی ئاستەنگ و دژوار دان. یەکەم: توندوتیژیی نێو بنەماڵە و کوشتن لە ژێرناوی نامووسدا، دووهەم: خۆکوژی و خۆسووتاندنی ژنانی کورد کە رێژەی لە هەموو ئێران زیاترە. بۆ وێنە نزیکەی ٦٠ ژنی کورد لە ١١ مانگی رابردوودا خۆیان ئاگر تێبەرداوە، یان خۆیان کوشتووە. سێهەم: خەتەنەی کچانی کورد لە دێهات و شوێنە دوورکەوتووەکان. بەرپرسانی دەزگای قەزایی ئێران خەتەنەی کچانی کورد بە تاوان نازانن و تەنانەت ئیزن نادەن زیانەکانی دیاردەی خەتەنە بۆ ژنان و کچان شی بکرێتەوە.
سەیران شەرەفی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە هەوڵی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ دابین کردنی مافی یەکسان و بەرابەریی تەواوی ژن و پیاو لە کۆمەل و لە خێزان دایە.
لەو پێوەندییەدا داوای لە ژنانی رێکخراوەکانی سەرانسەری جیهان و بە تایبەتی ژنانی سوسیالیستی نێونەتەوەیی کرد کە سرنجی زیاتر بدەنە بارودۆخی ژنانی کورد و لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی ژنی کورددا هاوکاریی و یارمەتیی یەکیەتیی ژنان بکەن.

3969.jpg


مەحبووبە حوسێنی و دورییا عەبدوڵڵازادە لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا وتاری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتیان لەنێو بەشدارانی کۆبوونەوەکەدا بڵاو کردەوە و سەبارەت بە کاروچالاکی ئەو یەکیەتییە و وەزعی ژنانی کورد شی کردنەوەی پێویستیان پێشکەش بە نوێنەرانی ژنانی وڵاتانی جۆربەجۆر کرد.