کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامە/ با هەموومان پێكەوە پێش بە رووخانی بنەماكانی مافی مرۆڤ لە ئێران بگرین

18:19 - 20 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا، رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە بۆنەی نۆهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیە و دەست پێ كردنی چالاكییەكانیان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لە سەرەتای بەیاننامەكەیدا رەخنەی لە ژمارەیەك راگەیاندنی سەربەخۆی فارسی، ناحكوومی، راگەیاندنی ئازاد و هەروەها بەشێك لە ناوەندەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ، گرتووە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە، بەشێك لە راگەیاندن و راگەیەنكارەكان خۆیان بە داكۆكیكاری بێ ‌ئەملاوئەولای مافی مرۆڤ دەزانن و بە لێكدانەوە و پێناسەی خۆیان، چالاكییەكانیان لە چوارچێوەی پارێزەری مافی مرۆڤ لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەو هەڵسوكەوتانە زیاتر لە ئیدیعاكانی كۆماری ئیسلامیی دەچن.

لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، بەپێی لێكدانەوەكان بۆمان دەردەكەوێت شایەت ئیدعای ئەو رێژیمە بۆ پاراستنی مافی ئینسان هیچ جێگەی تێڕامان نەبێت، بەڵام هەڵسووكەتی هەڵاواردن كارانەی هەندێك لە حیزب و رێكخراوە سیاسییەكان كە هێشتا بە دەسەڵات نەگەیشتوون، جێگای سرنج لێ وردبوونەوەیە.
لە بەیاننامەی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستاندا نووسراوە، دابەش كردنی خەڵكی ( خودی و غەیری خودی)، بایكوت و پشت گوێ خستنی مافی نەتەوە ستەم لێكراوەكانی ئێران، لەبەر چاو نەگرتنی خەباتی مەدەنیی، بایكوت كردنی چالاكانی سیاسی و مەدەنیی هەمووی ئەوانە وەك پێشێلكاریی مافی نەتەوەكان دێنە ئەژمار.