کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵان و تاوان

23:32 - 25 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

كوردستان نیشتمانێكی زۆر پڕبایەخی ئابوورییە کە سەرەڕای هەبوونی سرووشتی جوان و دڵڕفێن و ئاسەواری مێژوویی کە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات لەڕێگەی کەرتی گەشتیاری، دەوڵەمەندیشە بە خاکی بەپیت بۆ کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداری و ئاوی فراوان کە وەک نەبزی ئابووری ناویان لێ دەبردرێ؛ جیا لەمەش لەباری هەبوونی كانزا جۆراوجۆرەكانی وەک نەوت و گاز و چەندین جۆر بەرد و کانی گرانمایە، سەری لە نێو سەراندایە کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر حکومەتێکی خەڵکی و دڵسۆز لەسەر کار بێت بە ئاسانی دەتوانێ ئەم دەرەتانە سروشتییانە بکاتە دەسمایەی خۆشبژێوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هۆکارێکی بەهێز بۆ ئاوەدانی ئەم نیشتمانە و تەنانەت ڕکەبەرایەتی لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان؛ بەڵام بەداخەوە نەبوونی دەسەڵاتێکی خۆیی کە بتوانێ ئەم خەونە وەدی بێنێت و بەپێچەوانەوە زاڵبوونی دەسەڵاتگەلی ناڕەوای خۆسەپێن وای کردووە کە ئەم مافە سرووشتییە لە کورد لە هەموو پارچەکانیدا لێی بستێندرێتەوە.

لە نێو ئەو کانزایانەی کە کوردستان خاوەنیەتی بەڵام کەمترین بەهرە و قازانجی لێوەرگرتووە کانەکانی زێڕ و زیو و نەوتە؛ ئەگەر لە باشووری كوردستان نەوت بە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ناسەقامگیریی و ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا و ناتەبایی ناوخۆیی دەناسرێ، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا کانەکانی زێڕ ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت و تەنانەت دەتوانین بڵێین كانەكانی زێڕ لەم بەشەی کوردستان هۆكارێكی سەرەكین بۆ ئەوەی حکومەتییە ناوەندییەکانی ئێران بەردەوام جەخت لەسەر دەست بەسەراگرتنی تەواوی ئەو ناوچانە بکەنەوە کە بە کوردستان دەناسرێ.

بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران، نیزیک بە ٥٠٪ی سەرجەم زێڕی بەرهەمهاتووی ئێران لە کوردستانەوە دابین دەکرێ! هەروەها لە ڕیزبەندی ٤٦ هەمین وڵاتانی جیهاندایە لەبەرهەمهێنانی زێڕدا، کە لەنێو هەموو كانە زێڕەكانی ئێرانیشدا زێڕی كوردستان باشترین و بە کوالێتیترین جۆرەكانیەتی.

دیارترین کانەکانی زێڕی کوردستان، لانیکەم لە دوو پارێزگای سنە و ورمێ، بریتین لە کانی زەڕەشۆران و ئاغدەرە لە تیکاب، کانی زێڕی ساری گەونی قوروە و کانی قوڵقوڵەی سەقز کە ساڵانە هەزاران تۆن زێڕیان لێ هەڵدەهێنجێندرێ و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتبەدەستان و خاوەنانی ڕاستەقینەی کە هەمان خەڵکی کوردستانن لێی بێبەری دەبن؛ نەک تەنیا لێی بێبەرین بەڵکوو بەهۆی زێدەخوازییەکانی ڕێژیم لە بەتاڵانبردنی کانەکانی زێڕی کوردستان، تاوانی ژینگەییشیان ئەنجام داوە و ئەنجام دەدەن.

بۆ نموونە تەواوی ئەو گوندانەی کە بە دەوری کانە ئاماژەپێکراوەکانەوەن نەتەنیا خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ ئەنجام نەدراوە بەڵکوو ژینگە جوان و دڵڕفێنەکەشیان تێک دراوە. لە نوێترین حاڵەتی هاوشێوەشدا ڕێژیمی ئێران کانگایەکی زێڕی لە گوندی قوڵقوڵەی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز کردووەتەوە و پێوەیە لەوێوە بەردەکان بۆ ئاوایی مازوارە بگوازێتەوە و لەوێ پاکیان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی دوو مانگە دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم کە بریتین لە بەرپرسانی فەرمانداری و سەردەفتەری نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیسی شورای ئیسلامی‌، بێ پسانەوە سەردانی گوندی مازوارە دەکەن هەتا خەڵک بەو قەناعەتە بگەیەنن کە دانانی وەها کارگەیەک نەتەنیا مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە، بەڵکوو وەکوو خێر و بەرەکەت مایەی ئاوەدانییە و هەلی کار بۆ ناوچەکە بە دوای خۆیدا دێنێت.

خەڵکی ناوچەکەش کە ناخی واقعی بەرپرسانی ڕێژیمیان بۆ دەرکەوتووە و هەموو کات بە نیگەرانییەوە لە پیلانەکانی ڕێژیم دەڕوانن، بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە و سەردانی ناوچەی تیکابیان کردووە کە کارگەی لەو چەشنەی لێ‌ دانراوە. بەپێچەوانەی ئیدیعای ڕێژیم، خەڵکی ناوچەی تیکاب ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە کردنەوەی کارگەی زێڕ لە ناوچەکەیان بووەتە هۆی لەنێوچوونی ژینگە و تەنانەت ڕەوتی سروشتی ئاو و  کانیاوەکانیشی گۆڕیوە. بۆوێنە، بڵاوبوونەوەی توخمی جیوە و ئارسێنیک و سیانۆر بەشێک لە شوێنەوارەکانن کە بووەتە هۆی مردارەوەبوونی مەڕوماڵات، پیسبوونی ئاوە ژێرزەوینییەکان، پیسبوونی هەوا و وشکبوونی دار و لێڕەوار و لەوڕگەکان و بڵاوبوونەوەی چەندین جۆر نەخۆشی نەناسراو.

لەلایەکی دیکەوە هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی زێڕی ئێران لە کوردستان بەرهەم دێت و خاوەنی سەرەکیی تێکڕای پرۆژە و کارگەکان لەژێر بڕیار و دەسەڵاتی سپای تێرۆریستی پاسداراندایە و ئەوانیش لە کوردستان وەک هەمیشە هۆکاری ماڵوێرانی و بشێوی بوون، نەک ئاوەدانی و خزمەت بە خەڵک. هەروەها بەهۆی گرینگی و هەستیاریی پرۆژەکەوە، سپای پاسداران ڕێگە بە خەڵکی خۆجێیی نادات کە لە وەها شوێنێکدا کار بکەن. ئەمانە ئەزموونگەلێکن کە لە کارگەکانی دیکە و لە کەرتەکانی دیکە بیندراون و بەدڵنیاییەوە هەوڵەکانی ڕێژیم بەپێچەوانەی ئیدیعای ئەو بەرپرسانەی کە سەردانی مازوارەیان کردووە و گووتویانە ئەم کارگە نوێیە دەبێتە هۆی چێبوونی کار و پیشە بۆ لاوەکان، سازکردنی دەبێتە مایەی ماڵوێرانی خەڵکی ناوچەکە و بێبەریبوونیان لەو سامانە کەمەی کە هەیانە؛ کەواتە با ئەزموونەکان دووپات نەکەینەوە کە دواجار ئەوە هەر خۆمانین کە زەرەرمەندی سەرەکی دەبین.