کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گرژییەکان؛ زیادبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

19:00 - 10 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا نووسی کە ژمارەی هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ڕۆژی دووشەممە سەدان هێزی تایبەتیش ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئەم ڕاپۆرتە لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە دەڵێت کە بژاردەی ناردنی هێزە تایبەتەکان بۆ پاراستنی گەرووی هۆرمۆز لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دۆناڵد ترامپ هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ڕێگاکانی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز. ئەو بەرپرسەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ناردنی هێزی تایبەت دەکرێت یەکێک بێت لە بژاردە مەیدانییەکان بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە.

ترامپ پێشتر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "فاینەنشاڵ تایمز" ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی دوورگەی خارک کۆنتڕۆڵ بکات؛ ئەو دوورگەیەی کە بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەندرێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ئەمریکایی "جی‌پی مۆرگان"، نزیکەی ٩٠ لەسەدی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم وێستگەیەوە ئەنجام دەدرێت. هاوکات بەردەوامیی داخرانی گەرووی هۆرمۆز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی و زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەمنییەتی وزە.