ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە تاران پێشنیارێکی ١٥ خاڵی لەلایەن دەوڵەتی دۆناڵد ترامپەوە پێگەیشتووە، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە هیچ جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشینگتۆن ئەنجام نەدراوە، داواکارییەکانی ئەمریکای بە "زێدەخوازی، ناواقیعی و نالۆژیکی" وەسف کرد و وتی: ئەم پێشنیارانە بایەخی دیپلۆماتیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ئێران، پێشنیاری دانوستان لە پاکستانی وەک "پۆششێکی دیپلۆماتیک" بۆ زیادکردنی هەژموونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەدا لەقەڵەم دا و ڕەتی کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا دەوڵەتییەکان، ناوبراو ئیدعای ئەوەی کردووە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ئەگەری هاتنی هێزەکانی ئەمریکا، "وڵامێکی توند" دەدەنەوە.
ئێران پێشتریش هۆشداری دابوو کە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتە، هێرشی زەوینی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەست پێ دەکات و ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی مینڕێژ دەکات. ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دەکرێن کە ئەرتەشی ئەمریکا پێشتر پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە دوورگەی خارک کردبووە ئامانج.
بە وتەی چاوەدێران، بەردەوامیی ئەم گرژییانە، لەوانە هێرشەکانی کۆتایی مانگی فێوریە، نیشاندەری پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران و کەمبوونەوەی دوورەدیمەنی چارەسەری دیپلۆماتیک لە سێبەری بێ متمانەییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولادایە.