کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران دەست بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا بگرێت

19:05 - 10 خاکەلێوه 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ چەندین ئامراز و بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ ڕێگریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنی هەمیشەیی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

ڕۆبیۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەی‌بی‌سی نیوز" ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێران کرد و وتی: "ئەوان هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە کۆنتڕۆڵی هەمیشەیی گەرووی هۆرمۆز بگرنە دەست و باج وەربگرن، بەڵام ئێمە ڕێگە نادەین شتی وا ڕووبدات."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بە پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و وتی کە ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە.

ڕۆبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەتی ئەمریکای بەم شێوەیە دیاری کرد: لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران، لەوانە هێزی ئاسمانی و دەریایی، کارخانەی بەرهەمهێنانی چەکووچۆڵ و سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکان.

بە وتەی ئەو، ئەرتەشی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و پڕۆسەی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکان لە قۆناغە کۆتاییەکان نزیک بووەتەوە.