کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکاندنی مووشەکێکی بالستیکی ڕێژیمی ئێران لە ئاسمانی تورکیە

19:08 - 10 خاکەلێوه 2726

وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند کە مووشەکێکی بالستیک کە لەلایەن ئێرانەوە هاوێژرابوو، دوای چوونە ناو هەرێمی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ تێکشکێندرا. ئەم سیستمە بەرگرییانە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست جێگیر کراون.

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەمە چوارەمین حاڵەتی تێکشکاندنی مووشەکی بالستیکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

بەرپرسانی تورکیە پێشتریش ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەیان دەربڕیبوو و هۆشدارییان دابووە تاران.

وەزارەتی بەرگریی تورکیە جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی، هەموو ڕێکارە پێویستەکان بە لێبڕاوەیی و بێ دوودڵی دەگرنە بەر.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە گرژییە نیزامییەکان لە ناوچەدا ڕوو لە زیادبوونن و نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی مەودای شەڕ بۆ وڵاتانی دراوسێ زیاتر بووە.