کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانکردنی ڕۆژهەڵات

23:06 - 29 خاکەلێوه 2722

ئاویەر

بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی ئێران، کوردستان لێوڕێژ لە سەرچاوە گازی، نەوتی و ئاوییەکان و کانزا جیاوازەکانە؛ بە شێوەیەک کە هیچکامەیان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران بەراورد ناکرێن کە ئەگەر هەر ئەم سەرچاوانە بکرێنە ژێرخانی گەشەی ئابووری، لە دۆخێکی ئاساییدا، کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ لە بواری ئابووری و سەریەکخستنی سەرمایەوە لە دۆخێکی باشتردا بێت، بەڵام لەڕاستیدا دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەتەنیا بەنیسبەت ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێران باشتر نییە، بەپێچەوانەوە لە دۆخێکی نالەبار و زۆر خراپیشدایە. لێرەدا ئەمەوێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە بۆچی سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی زۆروزەوەندی ژێرزەوینی و بان‌زەوینی لە کوردستان، بەڵام هیچ جۆرە گەشەیەکی ئابووری و پیشەیی تێدا بەدی ناکرێت؟

هەروا کە باس کرا سەرەڕای هەبوونی سەرچاوە و سامان لە کوردستان، دۆخی ئابووری بەبەراورد لەگەڵ ناوەند بچووکترین گەشەی تێدا نابینرێت، کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پەراوێزخراوترین شوێنەکانە و گەشەی ئابووری تێیدا سفرە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بێکاری و هەژاری بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە بستێنن.

دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران چ لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و چ ئێستاش هەمیشە ڕوانینێکی داگیرکەرانە و کۆلۆنیالیستیی بەرانبەر بە کوردستان هەبووە، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی لەجیاتی بیرکردنەوە بە گەشەی ئابووری ئەم بەشە، بیر لە داگیرکردن و دزین و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی بکەنەوە. دەسەڵاتی ناوەندی بە گواستنەوەی سەرچاوەکان لە کوردستانەوە بۆ ناوەند، بووەتە هۆی گەشە و پەرەسەندنی ئابووریی ناوەند و لەلایەکی دیکەشەوە سەرمایە و دارایی کوردستانی بە تاڵان بردووە، سیاسەتێک کە بە شێوەی سیستماتیک لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە دەیان ساڵە جێبەجێ دەکرێت. دەسەڵاتی ناوەندی بە تاڵانکردنی سەرمایەکانی کوردستان لەوانە سەرچاوەی ئاوی، نەوتی، گازی، بەرد و ... ئامانجی بەتاڵانبردن و تێکدانی ئەم جوگرافیایەی داوە، کردەوەیەک کە لە درێژخایەندا تەنیا وێرانەیەک لە کوردستان دەهێڵێتەوە.

دزین و تاڵانکردنی سامان و سەرمایەکانی کوردستان لە لایەن ناوەندەوە جیا لەوەی کە هەژاری و تێکچوونی ژینگەی کوردستانی لە درێژماوەدا بەدواوە دەبێ، لە بواری فەرهەنگی، زمانی و نەتەوەییشەوە ماڵوێرانی بە دوای خۆیدا دێنێت؛ کە ڕوونە ئەم پرسە واتە هەژاری و لەنێوچوونی ژینگە، بە بێ ئەملاوئەولا بەستراوەیی بە ناوەندی بەدواوە دەبێ، بەستراوەییەکی ماڵوێرانکەر کە ئامانجەکەی لە دوای تاڵانکردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان، تێکدانی فەرهەنگ، زمان و شوناسی تاکی کوردە.

لە بەرامبەریشدا بە ئاوەدانکردن و گەشەپێدانی ناوەندیش ئەم هزرە دەخاتە مێشکی تاکەوە کە ئەوان بە بێ ناوەند ناتوانن درێژە بە ژیان بدەن، کەوایە سەرچاوە و سەرمایەکان تاڵان دەکەن و لە ناوەنددا کۆیان دەکەنەوە، تاڵانکردنێک کە دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی ناوەند و بە پێچەوانەش تێکڕووخانی کوردستان!

ناوەند سەرەتا سەرچاوە و مادەی خاو تاڵان دەکات و لە دوای بەرهەمهێنان و بە نرخێکی زۆرەوە دەیفرۆشێتەوە بە خاوەنە سەرەکییەکانی، ڕەوتێک کە دەبێتە هۆی بەستراوەبوون بە ناوەند و ئەم بەستراوەییە ماڵوێرانکەرە بۆ ئەم نەتەوە ژێر ستەمە کە دواتر دەبێتە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر شوناسیشیان، بە تاڵانکردنی سەرچاوە و سەرمایە بێکاری پەرە پێ دەدات.

لەلایەکەوە تاکی کورد بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان ناچار دەبێ یا ڕوو لە دیاردەی کۆڵبەری بکات یا کۆچ بکا بۆ ناوەند، بەم شێوەیەش ناوەند هەم توانیویەتی سەرچاوە و سەرمایەکە تاڵان بکات، هەم توانیویەتی هێزی کاری خۆی لە نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان دابین بکات و ناچار بە کۆڵبەرییان بکات، کە لە هەر دوو حاڵەتدا تاڵان و دزی بۆ تاڵانکەر واتە دەسەڵات ئاسانتر دەبێتەوە.

دەسەڵاتی ناوەندی ڕوانینێکی کۆلۆنیالیستیی بەرانبەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە، لەم ڕووەوە تەنیا رێگە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە جیایی و دوورکەوتنەوە لە ناوەندە یا بە جۆرێکی تر دەتوانرێ بوترێ سەربەخۆییە.  تا کاتێک کە کوردستانی ڕۆژهەڵات داگیرکراو بێت، داگیرکردن و دزین و تاڵانی سەرمایەکەی کوردستان درێژەی دەبێت، ئەمە ڕوانینێکە کە لە بەکگراوندی بیری هەموو ناوەندنشینەکاندا هەیە جا بە هەر هزر و ئیدئۆلۆژییەکەوە بن. ڕوانینی ئەوان بەنیسبەت کوردستان، ڕوانینێکی داگیرکەرانە و کۆلۆنیالیستییە لەم ڕووەوە ستەمی ئابووری و دزی و تاڵان هەر لە ستەمی نەتەوایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت و بە بێ تێپەڕین لەم بابەتە گرینگە، ڕزگاربوون ئیمکانی نییە.