کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوون لە نێوان دانیشتوانی شارەکی ئیسلام ئاباد لە ورمێ‌و هێزە ئەمنیەتییەکان، هاتە ئاراوە

23:10 - 3 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران بە میلیتاریزە کردنی شارەکی ئیسلام ئاباد هەموو هەوڵی خۆیان وەگەڕ خستبوو هەتا پێش بە بەڕێوە چوونی جێژنی نەورۆز لەو شارەکە بگرن و لەئەنجامدا لەگەڵ پەرچەکرداری خەڵک بەرەڕوو بوونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو هێزانە رژابوونە ناو سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی ئیسلام ئاباد و بە شێوەی زۆر توند و تەیار بە باتوم و گازی فرمێسک رێژ خەڵکیان خستبووە ژێر کۆنترۆڵەوە.
بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو هێزانە دەیانویست بە میلیتاریزە کردنی شارەکی ئیسلام ئاباد پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز بگرن، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتوو خۆپیشاندانیان وەڕێ‌خست.
دوابەدوای خۆپیشاندانی هاووڵاتییان هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ناڕازیان و لەو پێوەندییەدا دانیشتوانی شارەکی ئیسلام ئاباد بە بەرد و دار بەرگریان لە خۆیان کرد.
پاش پەرچەکرداری هاووڵاتییان، هێزە ئەمنیەتییەکان داوای مەئمووری زیاتریان کرد و گوشاری زیاتریان خستە سەر دانیشتوانی شارەکەکە.
ئەو خۆپیشاندانە هەتا کاتژمێر 8 شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەشەمە بەردەوام بوو.