کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو

16:53 - 4 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە لایەن ڕێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، ڕێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک، جێژنێکی بەرینی بە بەشداریی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان، نیشتەجێی بلژیک بەڕێوە برد.

ئەو ڕێوڕەسمە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن ڕێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک بە بەشداریی کوردانی نیشتەجێی بلژیک، لە شاری مێخێلێن جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز کرا.

سەرەتای رێوڕەسمەکەی نەورۆز بەسروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستی پێکرد و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان راگیرا.

لەم رێوڕەسمەدا، پەیامی ڕێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک کە لە چەند حیزبی سیاسیی هەر چوار بەشێ کوردستان پێک دێت، لە لایەن باهیر گلیـەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامەکەدا ئاورێکی ورد لە دۆخی هەستیار و مێژووی هەر چوار بەشی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو درابووە و تیشکیش خرابووە سەر بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستان بە هۆی دۆخی سیاسی تایبەتی خۆیانەوە.

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە بلژیک بە هەڵپەرکێ و شادی بەشداربوان کۆتایی پێهات.