سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، هێمن ئیبراهیم حەمزە خەڵکی گوندی قەرەگۆل، ڕەشید ڕەحیمی، شەهرام نانەوا و زاهیر (پاشناو ناڕوون)، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و دەسبەسەریان کردوون.
ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.
ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە ئاکامی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و چوونە کۆماوە لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان گیانی لەدەست دا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.