کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە داراییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران

11:09 - 22 بانەمەڕ 2724

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ سەبارەت بە پەرەسەندنی هەوڵی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ کەڵکوەرگرتن لە سیستمە داراییە نێونەتەوەییەکان، هۆشداریی دا.

ڕێکخراوی تایبەت بە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە پێشنیارنامەیەکدا وێڕای شیکردنەوەی شێوەکاری میلیشیاکانی سەر بە تاران بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان، باسی لە ڕێوشوێنێکی گونجاو بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەی دامەزراوە داراییەکان لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا کردووە.

ئەم ڕێکخراوە لە پێشنیارنامەکەیدا بڵاوی کردووەتە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ناوچە مەترسیدارەکان و گواستنەوەی پارە بۆ ئەم ناوچانە، پێوەندی لەگەڵ کۆمپانییە ڕەواڵەتی و ناڕوونەکان، چالاکیی گوماناویی ڕێکخراوە خێرخوازە نادەوڵەتییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراو و کەسانی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە دەتوانێت لە نیشانەکانی چالاکیی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بێت و دامەزراوە داراییەکان دەبێت بە وشیارییەوە بەرەوڕووی ئەم هەوڵانە ببنەوە.

بەڕێوبەری ڕێکخراوی بەرەوڕووبوونە لەگەڵ تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕوونی کردووەتەوە کە میلیشیا پشتیوانیکراوەکانی کۆماری ئیسلامی نابێت دەستیان بە سیستمە داراییەکانی ئەمریکا و جیهان بگات، بۆیە ئەم پێشنیارنامە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە داراییەکان لە پاراستنی سیستمەکانیان و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵە تێرۆریستییەکان بڵاو کراوەتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری تێرۆریزمدا، جەختی لە بەرەوڕووبوونەوەی ئەمریکا لەهەمبەر هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی بوودجەی چالاکییە ئاژاوەگێڕانەکەی کردووە.

ئەم وەزارەتە لە سەر ئەو بڕوایە، ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک هێرشی حەماس و حووسییەکان، دەرخەری پشتیوانیکردن و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی بوودجەی تێرۆریزمدایە.