بە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە گوندی "قۆزلووی هەوشار" سەر بە سایین قەڵا، بە ناوەکانی عەلی شیری، سالار بەیگی و ناسر مورادی ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لەم شارەدا کە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا دەسبەسەر کرابوون، گەیشتە ٧ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، لە گوندی "قۆزلووی هەوشار" سەر بە شاری سایین قەڵا، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی عەلی شیری، سالار بەیگی و ناسر مورادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار نزیکەی ١٠ ماشین لە هێزە چەکدارەکان کە زیاتر لە ٥٠ کەس بوون، کاتژمێر ٦ی بەیانی گوندی قۆزلووی هەوشاریان گەمارۆ داوە و بە دروشمی "نەمان بۆ ئەمریکا و نەمان بۆ ئیسرائیل" هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خەڵک و ئەم سێ هاووڵاتییەیان بە توندوتیژی و لێدان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی دیکەی خەڵکی گوندی "حاجیئاوای جەغەتوو" سایین قەڵا بە ناوەکانی عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە، شارام سوڵتانی، ڕەحمان خەسرەوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، ڕاگەیاندبوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە، دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراونەتەوە و زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.