کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: بە لەبەرچاوگرتنی دەسکاری و گزەکردنی هەمیشەیی ڕێژیم لە ئامارەکاندا، بۆمان دەردەکەوێ کە ئاستی بەشداریی خەڵک بەگشتی لە خوارەوە بووە

20:41 - 9 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ئاکامەکانی هەڵبژاردن لە ئێران‏دا، بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی دەفتەری سیاسی سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە لە ئێراندا

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!


هەروەک لەپێشتردا باس کرا بوو و چاوەڕوان دەکرا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شانۆیەکی دیکەی لە ژێر ناوی هەڵبژاردندا بەڕێوە برد کە لە سەرەتای نمایشەکەوە هەتاکوو پەردەی کۆتایی شانۆکەی، بەرنامەی بۆ داڕشتبوو و بە وەڕێخستنی هەندێک دەنگۆ و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن، وای دەنواند کە شانۆی ئەمجارەی لەگەڵ جارانی دیکە جیاواز دەبێ و هەندێک لە مۆرە و باندەکانی نێو ڕێژیمیش وایان دەنواند کە لەبەر نەخۆشیی ڕێبەری ڕێژیم و هەروەها تەسلیم‏بوونیان بەرانبەر بە ڕۆژئاوا لە پرسی ناوکی‏دا، هەڵبژاردنی ئەم جارە کاریگەریی زۆرتری لەسەر سیاسەتەکانی ڕێژیم و جێگرەوەی داهاتووی خامنەیی دەبێ. بەڵام هەموو ئەوانە تەنیا بۆ گەرمکردنی بازاڕی شانۆگەریی هەڵبژاردن بوو و ڕێبەری ڕێژیمیش کە لە دۆخی نالەباری ڕێژیمەکەی‏دا داوای لە تەنانەت دژبەرانی ڕێژیمیش کردبوو کە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بن، دوایە لە ترسی ئەوەی کە نەکا دۆخەکەیان لەدەست دەر بچێ، ڕایگەیاند کە وتوویانە کە دژبەرانی ڕێژیم دەنگ بدەن و نەیانوتووە کە دەتوانن بچنە مەجلیس!

بەم شێوەیە ڕێژیم هەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێ‏نێوەڕۆک و چەواشەکراو و فریوکارانە کردبوو و لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەرنامەکانی بردنە پێش و لە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەشدا کە بۆ ڕۆژی دەنگدان دیارییان کردبوو ، هەموو دەزگای تەبلیغی و پڕوپاگەندە و بەسیج کردنی خەڵکی وەگەڕ خست تاکوو خەڵک بکێشێتە سەر سندووقەکان و لە بەر چاوی دووربینەکانەوە ڕیزی دوور و درێژی خەڵکی بەشدار نیشان بدا.

لەم ماوەیەدا کە حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی ئازادیخوازی واقیع‏بین، سیاسەتی بایکۆتی شانۆگەریی ڕێژیم و هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانی ڕێژیمی گرتە پێش، لە سەر بنەمای لێکدانەوەیەکی دروستی سیاسی و بە ناسینی ڕێژیم و بە ئاگادار بوون لە هەموو چەواشەکارییەکانی ئەو ڕێژیمە، ئەو سیاسەتەی گرتە پێش و هەم دروستیی سیاسەتەکەی دەرکەوت و هەم ئەندام و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبیش لەم ماوەیەدا بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە و بردنی سیاستی حیزب بۆ نێو خەڵک ئەوەی لە دەستیان هات ئەنجامیان دا و بە چالاکییەکانیان هەنگاوی کردەییان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم هەڵگرت.

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

هەروەک ئاگادارن، ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان لە پیلانی جۆربەجۆر و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست و تەماح وەبەرنان و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە خەڵک هەوڵی‏ دا کە بەناچاری بەشێک لە خەڵک پەلکێشی سەر سندووق بکا. هەروەها بە دیاریکردنی بەربژێری دەسکردی خۆی لە نێو گرووپ و پێکهاتە و چین و توێژی جۆربەجۆری کۆمەڵگا و بەتایبەت لە کوردستاندا، هەوڵی دا کە هەم بازاڕگەرمییەکی ناواقیعی بۆ هەڵبژاردنەکەی وەدەست بخا و هەم کێشە و ململانێی ناتەندروست بخاتە نێو کۆمەڵگای کوردستانەوە. لە ڕۆژی بەناو دەنگدانیش‏دا، هەم ژمارەیەکی زۆری دەنگی لەپێشدا ئامادەکراوی خستە نێو سندووقەکانەوە و هەم خەڵک و دەستوپێوەندییەکانی خۆی لەمبەر بۆ ئەوبەر گواستەوە، تاکوو هەم تەقەلوبیان پێ بکا و هەم لە بەرچاوی دووربینەکانی خۆیەوە مانۆڕ و نمایشیان پێ بدا.

وەکوو ئاکامی هەڵبژاردنیش، لە ئاستی سەرتاسەری‏دا، ڕێژیم ڕایگەیاند کە؛ بەشدارییەکی نزیک بە ٦٠%ی هەبووە، کە بە لەبەرچاوگرتنی دەسکاری و گزەکردنی هەمیشەیی ڕێژیم لە ئامارەکاندا، بۆمان دەردەکەوێ کە ئاستی بەشداریی خەڵک بەگشتی لە خوارەوە بووە.

هەروەها لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، بەپێی هەندێک تایبەتمەندی، بەشداریی خەڵک جیاواز بووە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن خودی ڕێژیمەوە بڵاو بوونەتەوە، ئاستی بەشداریی خەڵک لە پارێزگای سنە لە خوارەوە بووە کە زانیارییەکان باس لە بەشداریی کەمتر لە ٤٠%ی خەڵک لەو پارێزگایە دەکەن. لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش ئاستی بەشداریی خەڵک کەمتر لە ئاستی گشتیی ئێران بووە، تەنیا لە چەند شوێنی ئیلام و پارێزگای ورمێ نەبێ کە لەبەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە و تایبەتمەندییان، هەروەها هەندێک پیلانی ڕژیم بۆ زەقکردنەوەی کێشەکانی نێو پێکهاتەکان، لە ڕێگەی کاندیدا دسنیشان‏کراوەکانەوە، بەداخەوە ڕێژیم لە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک لەو شوێنانەدا سەرکەوتوو بووە.

ئەوەی لەم بەناو هەڵبژاردنەشدا بۆ جارێکی دیکە نیشان درایەوە، ئەوە بوو کە ڕێژیم لەوپەڕی ترس و لەرزۆکیی‏دا تەنانەت کاندیداکانی خۆیشی کە پێشتر لێیان دڵنیابوو، لە مەیدان دەری کردن، تاکوو هیچ جۆرە ڕیسکێکی بۆ دۆخی لەرزۆکی داهاتووی نەکردبێ و مەبەستی ڕژیم تەنیا ئەوە بوو کە خەڵکێک بکێشێتە سەر سندووقەکان، دەنا نە مەجلیسەکانی دەسەڵاتی ئەوتۆیان هەیە و نە باندە جیاوازەکانی نێو ڕێژیم هیچ خەمێکی مافی خەڵک دەخۆن، تەنیا لە سەر بەرژەوەندیی خۆیان پێکەوە کێشەیان هەیە و لە سەر ستەمکردن لە خەڵک هاودەنگن و لە کاتی هەستیاردا بۆ پاراستنی نیزامەکەیان هەموو دژبەرییەکانیان وەلا دەنێن.

پێویستە لە کۆتایی‏دا سپاسی هەموو ئەو کەسانە و ئەو تێکۆشەرانەی دێموکرات بکەین کە لە پێناو سەرخستنی هەڵوێستی حیزبی دێموکراتدا تێکۆشان، هەڵوێستێک کە هاوتەریب و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد. هەروەها سپاس و پێزانین بەرانبەر بەو خەڵکە دەرببڕین کە سندووقەکانی چەواشکاریی ڕێژیمیان بایکۆت کرد.

هەروەها بەو ژمارەیەی خەڵکیش کە بە ناچاری یان لە دۆخی ئاڵۆزکراوی ڕژیمدا چوونە سەر سندووقەکان ڕابگەیەنین کە دوای ڕۆژی بەناو دەنگدان، ڕوونتر دەردەکەوێ کە هەموو ئەو کەسانەی کە دەبرێنە مەجلیسی ڕێژیم، دامودەزگاکانی ڕێژیم خۆیان دیارییان کردوون و دەچنە شوێنێک کە هیچیان لەدەست نایە بۆ پشتیوانی لە مافی گەل، بەڵکوو ئەوان تەنیا بەڕێوەبەری سیاسەتەکانی دەزگای ویلایەتی فەقیهن و هیچی تر.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتن بۆ ئازادی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٤
٢٨ی فێوریەی ٢٠١٦