کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی بەحرەین تیمێکی تیرۆریستی سەر بە ئێرانیی دەسبەسەر کرد

19:37 - 29 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەحرەین هەواڵی دەسبەسەر کردنی تیمێکی تیرۆریستیی کە پێوەندییان بە رێژیمی ئێرانەوە هەیە، بڵاو کردەوە.


هەواڵی دەسبەسەر کرانی ئەم تیمە ٨ کەسییە کە لەلایەن پۆلیسی بەحرەینەوە دەسبەسەر کراون، رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارتی ناوخۆی بەحرینەوە بڵاو بووەتەوە و بە پشتیوانیی ماڵی و ئاموزشیی لەلایەن ئێران، عیراق و گرووپە لوبنانییەکانی نزیک لە ئێران، تاوانبار کراون.
هەواڵدەریی دەوڵەتیی بەحرەین لە زاری وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردووەتەوە، بە هاوکاریی وڵاتێکی دۆست، توانیویانە گرووپێکی تیرۆریستی دەسبەسەر بکەن.
بەوتەی ئەم لێپرسراوەی بەحرەین، ئەم کەسانە لە نێوان ئێران و عێراق و لوبنان لە هاتوچۆدا بوون و لەم وڵاتانەدا بۆ فێر بوونی بەکارهێنانی چەکوچۆڵ و تەقینەوەکان، راهێنانیان بۆ کراوە و هەروەها لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پاڵپشتیی هەمە لایەنە کراون.
قامکی تاوانەکان رووی لە ئێرانە


حکووومەتی سوننە مەزهەبی بەحرەین، پاش دەسپێکی ناڕەزایەتیی شیعەکانی ئەو وڵاتە، بەردەوام رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و باقی هاوپەیمانەکانی بە پاڵپشتیی شیعەکانی بەحرەین تاوانبار کردووە.
پێشتریش شێخ خالید بن عەلی ئالی خەلیفە وەزیری دادگوستەریی بەحرەین وتبووی، مەترسیی سەرەکی لەدژی تەناهیی نەتەوەیی دەوڵەتەکانی دەوروبەری کەنداو، رێژیمی ئێرانە.
پێوەندیی ئێران و بەحرەین پاش ئەم گرژییانە رووی لە سەردی کردووە و بەحرەین لە مارسی ٢٠١١ پاش ئەوەی کە تارانی بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی تاوانبار کرد، باڵوێزی خۆی کێشایەوە.