کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاڵی هاوبەشی ئامریکا و ئاڵمان، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانە

16:32 - 13 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا و ئاڵمان لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێویستە بە خێرایی بەرەنگاری دەستێوەران و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر تەناهی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ببنەوە.

لە مەراسمی سوێندخواردنی وەزیری نوێی دەرەوەی ئامریکادا، دانڵد ترامپ و مایک پۆمپێئۆ، جەختیان کردووەتەوە کە پێویستە تا بە جیددی بەرەنگاری هەڵسووکەوتە خراپ و شەڕەنگێزانەکانی ئێران ببینەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، ترامپ و پۆمپێئۆ لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پۆمپێئۆدا بەشێک لە وتاری خۆیان بۆ باس لەسەر ئێران تەرخان کرد.

ئەوان رایانگەیاندووە: بە جیددی بەرەنگاری هەڕەشەکانی ئێران دەبنەوە و لە هەنگاوەکانی دواتردا بە نسبەت ڕێککەوتننامەی ناتەواو و ناکامڵی بەرجام، بڕیاری پێویست دەدەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئانگلا مێرکل سەرۆکی باڵای ئاڵمان باسی لە بەردەوامی و مانەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کردووە بەڵام بە مەرجێک رێککەوتنێکی نوێ کە ناوبراو وەک ڕێککەوتننامەی تەواوکەر ناوی لێ بردووە، لەگەڵ ئێران بێتە کایەوە کە کەموکوڕییەکانی ڕێککەوتننامەی پێشوو بسڕێتەوە.

مەبەست لە ڕێککەوتننامەی تەواوکەر، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی دزەی ڕێژیمی تاران لە ناوچە و کۆتایی هێنان بە بەرنامەی مووشەکی ئەم وڵاتە.

ناوبراو لەسەر حزووری ناسالمی ئێران لە سووریە و ولاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات و پرسی مووشەکە بالستیکییەکانی ئێران قسەی کردووە؛ هەروەها داوای لە ئیسرائیل کردووە تا بە خێرایی هەموو بەڵگەکان بە نسبەت بەردەوام بوونی ئێران لە سەر پیتاندنی ئۆرانیۆم، تەحویلی ئاژانسی ناوکی بدات.