کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولێکی نوێی گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران لەلایەن سنای ئەمریکاوە تاوتوێ کرا

22:07 - 9 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: مەجلیسی سنای ئەمریکا لە سەروبەندی داسەپاندنی گەمارۆی نوێ لەدژی رێژیمی ئێران، لە پشتەوەی درگا داخراوەکان پاکەتی گەمارۆی نەوتیی لەدژی رێژیمی ئێرانی تاوتوێ کردووە.

هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، مەجلیسی سنای ئەمریکا بڕیای داسەپاندنی سزای ئابووریی نوێی لەدژی نەوتی رێژیمی ئێران لەپشت درگا داخراوەکاندا تاوتوێ کردووە.
داسەپاندنی سزای زێدەتر لە دژی رێژیمی ئێران لە کاتێک دایە کە دانووستانی تیمی کارناسانی ئێران و گرووپی ٥ زێدە ١، ئەمڕۆ لە ڤییەن بەڕێوەچوو.
لەم پێوەندییەدا رۆژی دووشەممەی رابردوو \'\'رۆبێرت بۆب مەنەندەز\'\' بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییە بیانییەکانی سنای ئەمریکا، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری گشتیی ئیسراییل و ئەمریکا (AIPAC)، گەمارۆ نوێیەکانی لەدژی رێژیمی ئێران تاوتوێ کردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی داسەپاندنی سزای ئابووریی زێدەتر بەسەر رێژیمی ئێراندا، دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران هەتا ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک دایە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ی زایینییەوە هەتا ئێستا، گەمارۆکانی ئەمریکا و ئورووپا لەدژی نەوتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی لە ٢،٥ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیک بە یەک میلیۆن بەرمیل دابەزاندووە.
لەلایەکی دیکەشەوە رۆژی هەینی، بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییە بیانییەکانی سنای ئەمریکا، راگەیاندبوو: گەمارۆ داسەپاوەکان نە هەڵدەوەشێنرێنەوە و نە کەم دەکرێنەوە، مەگەر ئەوەی کە رێژیمی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی بە تەواوەتی رابگرێت.