کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان سەرەڕای گۆشارەکانی حەراسەتی زانکۆ، رێزیان لە شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە گرت

16:51 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان کۆڕێکیان بەمەبەستی رێزگرتن لە شەهیدانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە نێو زانکۆدا بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رەشەمە ئەو کۆڕ یادە سەرەڕای دژایەتییەکانی لێپرسراوانی زانکۆ و حەراسەتی زانکۆی پەیام نوور، لەلایەن خوێندکارانەوە بەڕێوەچوو.

خوێندکاران دوو حەفتە بەر لە بەڕێوە بردنی ئەو رێوڕەسمە داوای مۆڵەتیان لە شوێنە پێوەندیدارەکان کردبوو، بەڵام لەلایەن لێپرسراوانی زانکۆ و ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دژایەتیی لەگەڵ کرابوو.
لەکاتی بەڕێوە چوونی ئەو رێوڕەسمەدا بەرپرسان و حەراسەتی زانکو بە هەڵگرتنی فیلم و وێنەی خوێندکاران، هەڕەشەیان لێ‌ کردن و ویستیان بڵاوە بەو کۆڕیادە بکەن.

3988.jpg


لەو کۆڕ یادەدا وێڕای راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی هەڵەبجە مێژووی ئەم کارەساتەش بۆ ئامادە بوان شی کرایەوە.
دواتر چەند پەخشان و سروودێک لەژێر ناوی دنیا خەمە ژیان ژانە بۆ شەهیدانی هەڵەبجە خوێندرایەوە.