کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە شارەکانی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە شاری مەهاباد و بەندکراوانی کوردستان درێژەی هەیە

21:13 - 26 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە دەرەوەی وڵات و شارەکانی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و بەندکراوانی ئەو رووداوە درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان خۆپیشاندانێکی سەبارەت بە مەرگی گوماناوی فەریناز خەسرەوانی کارمەندی هوتێل تارا و پشتیوانی لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی گەلی کورد لە شار مەهاباد و باقی شارەکانیتری کوردستان لە شاری برێمن بەڕێوە برد .

لەو خۆپیشاندانەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی شاری برێمن و دەوروبەر و ئەندامانی حیزب، لەبەردەم پارلمانی ئەو شارە کۆبوونەوە و لە دژی سەرکوتکارییەکانی رێژیمی ئیسلامی هەڵوێستیان گرت.

هەر لە خۆپیشاندانەکەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان و تارێکی خوێندەوە.

نەقشبەندی لە وتارەکەیدا بە وردی باسی لە جینایەتەکانی رێژیمی ئیسلامی لە کوردستان و ئازار و ئەشکەنجە و گرتنی لاوانی کوردی کرد و وتی: رێژیمی ئیسلامی وڵامی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بە گوللە و گرتن و سێدارە وڵام دەداتەوە، ئەو رێژیمە دۆخێکی جەهەننەمی بۆ گەلانی ئێران و بەتایبەت بۆ گەلی کورد لە کوردستان پێکهێناوە، بە هەموو توانایەوە پشتگیری تێرۆریزم دەکات و یەکێکە لە گەشە پێدەرانی سەرەکی تێڕۆریزمی نێودەوڵەتی و تەنانەت دەستێوەردان لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و بۆتە هەڕەشە لەسەر ژیانی دەوڵەتان و نەتەوەکان و ئاسایشی جیهانی تێک داوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی ئازاد و دێموکرات سنوورێک بۆ ئەو سەرەرۆییانە دابنێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزب بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە و دواتر بە وتنەوەی دروشم لە دژی رێژیمی ریژیمی ئیسلامی و مەحکووم کردنی ئەو رێژیمە ، کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات .

فڕانکفۆرت
هەروەها رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ لە شاری فڕانکفۆرت، لەبەردەم کۆنسوولخانەی رێژیمی ئیسلامیدا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، رێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بەشدار بوون و لە دژی مەرگی گوماناوی فەریناز خەسرەوانی و تەقەی راستەوخۆی هێزەکان رێژیم لە خۆپیشاندانەرانی مەهاباد و گیران و بریندارکردنی دەیان کەس لە مەهاباد و سەردەشت و باقی شارەکانیتری کوردستان هەڵوێستیان گرت و جینایەتەکانی ئەو ریژیمەیان مەحکووم کرد .

هەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا باباشێخ ناسری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد.

ناسری لە وتارەکەیدا پرژایە سەر جینایەتەکانی رێژیمی ئیسلامی و سناریۆسازی دەزگای ئیتلاعاتی رێژیم بۆ رەوایەتدان بە مەرگی کارمەندی هوتێل تارا و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو رێژیمە .

کۆڵن
رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن رێکخراو و حیزبە کوردییەکانی شاری کوڵن کۆبوونەویەک بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەشدا کۆمیتەی حیزب و ئەندامەکانی رۆڵی چالاکانەیان گێڕا و کردەوە تێرۆریستییەکانی رێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

هانۆڤەر
رۆژی سێشەممەرێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ لە شاری هانۆڤەریش خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانی شاری هانۆڤەر کە بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان، پارت و رێکخراوە کوردییەکان ئەنجامدرا،پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵات، ئازادای بەندکراوانی شارەکانی سەردەشت و مەهاباد و مەحکووم کردنی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی ریژیمی ئیسلامی ، دەڕبڕی.

لە خۆپیشاندانی هانۆڤەردا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریان کرد و لە ئامادەکاری و بەرێوەبردنیدا رۆڵی چالاکیان گێڕا.

خۆپیشادانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی ئاڵمان لەلایەن کۆومیتەی حیزب بەڕێوە چوونە و رۆژی شەممەی داهاتوو لە شاری هامبورگ و برلین خۆپیشاندان بۆ چەندمین جار لەو دوو شارە بەڕێوە دەچێت.