کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ کۆڕیادێک بەبۆنەی ١٠ ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو

14:31 - 9 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات، یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری ئالبۆرگی وڵاتی دانمارک کۆڕیادێکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆڕیادێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری ئالبۆرگی باکووری دانمارک بەڕێوەچوو.

کۆمیتەکانی حیزب، لاوان و ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە بە مەبەستی بەرز راگرتنی رۆژی ١٠ ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان کە لەو رۆژەدا و لە ساڵی١٣٢٦ی هەتاویدا یەکەمین سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و سەدر و سەیفی قازی لە چوارچرای شاری مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان بە بڕیاری شانۆیەکی نیزامی بە ناوی دادگا و بە فەرمانی راستەوخۆی حەمەڕەزا شای پەهلەوی لە سێدارە دران، کۆڕیادێکیان بەڕێوە برد کە ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە بەشداریان کردبوو.

ئەو رۆژە لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بە فەرمی وەک رۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە هەموو هەل‌ومەرجێکدا حیزبی دێموکرات ئەو رۆژەی بەرزڕاگرتووە و هەنووکە ئەم رۆژە وەک یەکێک لە رۆژە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد دیاری کراوە.

کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و دواتر لەلایەن ئەحمەد خانی بەڕێوەبەری ئەو کۆڕیادە بەخێرهاتنی بەشداران کرا، و دواتر ٦٨ مۆم لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی بەشداربوووە داگیرسێندران.

لەو پەیوەندییەدا سلێمان کەلەشی برای شەهید کەرەم کەلەشی بە نوێنەرایەتیی ئەو بنەماڵە شەهیدانەی کە بەشداری کۆڕیادەکەبوون وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: شەهیدانمان نە تەنیا هی ئێمەن وەک بنەماڵە و نە شەهیدی حیزب و لایەنێکی سیاسیی کورد، بەڵکوو شەهیدی دۆزی رزگاریی نەتەوەیەکی دابەشکراو و نیشتیمانێکی داگیر کراون کە هەمووی ئێمە خاوەنداریەتی لە هەموو شەهیدانی کوردستان دەکەین.

لە درێژەی کۆڕیادەکە دا کۆمەڵێک پەیام و بروسکە پێشکەش کرابوون:

ــ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. کۆمیتەی دانمارک. عەلی خانی
ــ یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان، کەرتی ڕێکخستنی ئالبۆرگ. رزگار
ــ پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەحمەد گەزەر
ــ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. کوێستان جەعفەری
ــ ماڵی کورد لە شاری ئالبۆرگ. عەبدولکەریم پەهلۆسای
ــ کۆمەڵەی کوردی لە شاری ئالبۆرگ. عومەر شێخە نەژاد
ــ یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک. نەشمیل ئیسماعیلی
ــ پارتی دێمۆکراتی کوردستان. لێژنەی ئالبۆرگ
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران. کۆمیتەی دانمارک
ــ پارتی دێمۆکراتی کوردستانی سووریە
ــ کۆمەڵگای ئاشتی وگەشەپیدانی کوردستان(جاپک)
ــ پەیوەندییەکانی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئالبۆرگ. عەلی میرانی
برووسکەی تێکۆشەری دێرین زاهیر بەدری برای شەهید بەشیر بەدری کە بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانە دابوو.
دوابەدوای پەیام و برووسکەکان ژیاننامەی شەهید پێشەوا لەلایەن قومری ساڵح زادەوە پێشکەش کرا.

لە درێژەی کۆڕیادەکەدا هەڵبەستی مناڵێکی شەهید بۆ قاسملوو لەلایەن کوێستان عومەری و پارچە هەڵبەستێک بۆ شەهیدان لەلایەن عومەر شێخە نەژادەوە پێشکەش کران.

بەشی کۆتایی کۆڕیاد گێڕانەوەی بیرەوەریی چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بوو. هەر وەها ئەسعەد کەماڵی پێشمەرگەی پێشووی حیزب کەلە شەڕێکدا بە برینداری ئەسیر کرابوو و ئەو کاتی لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بە شەهید خوێندرابووە ، باسی چۆنیەتی گیران و ئەشکەنجە و ئازارەکانی لە ٦ ساڵی زیندانەکەی کرد.

گادەر. د