کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنەكانی \"ئالماتی ٢\" بێ‌ئەنجام كۆتایی پێهات

15:59 - 18 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: نۆهەمین خولی وتووێژەكانی نێوان رێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپی ١+٥ لە ئاڵماتیی وڵاتی قەزاقستان بێ‌ئەوەی دەستكەوتێكی دیاری كراوی هەبێت، كۆتایی پێهات.
كاترین ئەشتۆن لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا رایگەیاند، وڵاتانی ئورووپایی و ئێران هەڵوێستەكانیان لەمەڕ بەرنامەی ناوكیی زۆر جیاوازە و بەم نزیكانەش ئەو هەڵوێستانە ئاڵوگۆڕییان بەسەردا نایەت.
ئەمە لەحاڵێكدایە جێگری سەرۆك وەزیری رووسیە بەو دانیشتنانە خۆشبین بوو و لەو باوەڕە دابوو كە ئێران و یەكیەتی ئورووپا توانیویانە هەنگاوێك بەرەو پێش هەڵبگرن.
ئەو وتووێژانە لە حاڵێكدا دەستی پێ كردەوە كە وڵاتانی پێنج كۆ یەك وەكوو هەمیشە داوای داخستنی بنكەی ئەتۆمیی فێردۆ لە ئێران دەكەن و لەو بارەیەوە سەعید جەلیلی دەبیری شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللییرێژیمی ئێران وتوویەتی: فێردۆ بنكەیەكی یاسایی و ناسراوە و لەژێر چاوەدێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا كار دەكا و پێویست ناكات كە ئێمە دایبخەین.

هەر لەو پێوەندییەدا عەلی باقری جێگری جەلیلیش وتوویەتی: دانیشتنی ئالماتی وڵامێكی زۆر روون و ئاشكرا بوو بە وڵاتانی رۆژئاوا.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە وتەبێژی یەكیەتی ئورووپا لە وتووێژێك لەگەڵ هەواڵدەریی روێتێرز ئاشكرای كرد، رێژیمی ئێران هەتا ئێستا وڵامێكی روون و دروستی بە یەكیەتیی ئورووپا نەداوەتەوە.
بەر لە دانیشتنی ئالماتی حەوت خولی دیكەی وتووێژیش لە ژنو، ئیستانبۆڵ، بەغدا و موسكو بەڕێوە چووە.