کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژبەرانی ئەسەد وەکوو نوێنەری سووریە لە یەکیەتیی عەرەب دیاری کران

23:16 - 5 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: لە ٢٤ـەمین دانیشتنی یەکیەتیی عەرەب لە قەتەر، هاوپەیمانیی نەتەوەیی سووریە بە فەرمی بانگهێشت کراوە هەتا نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە لەو رێکخراوەدا بکات.
بڕیارە رێبەرانی سیاسیی ئەندامی یەکیەتیی عەرەب، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوە لە شاری دۆحە پایتەختی قەتەر کۆ ببێتەوە و سەبارەت بە تەوەرە سەرەکییەکان و دانی نوێنەرایەتیی سووریە بە دژبەرانی ئەو وڵاتە دانیشتن بکەن.
پاش نائارامییەکانی سووریە کەلە مانگی رەشەمەی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە و سەرکوتی توندی ناڕازییان لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەدەوە، یەکیەتیی عەرەب ئەندامەتیی ئەو وڵاتەی هەڵواسی.
پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی عەرەب لە دانیشتنی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا کەلە قاهیرە بەڕێوەچوو، لەسەردانی نوێنەرایەتیی سووریە بە دژبەرانی ئەسەد رێککەوتنیان کردبوو.
عێراق کە بەرپرسایەتیی دەورەیی یەکیەتیی عەرەبی لە ئەستۆ دایە، هاوڕێ لەگەڵ لوبنان و ئەلجەزایر، لە دانی نوێنەرایەتیی سووریە بە دژبەرانی بەشار ئەسەد دژایەتیان کردووە ، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوە کە بڕیاری زۆربەی ئەندامانی ئەو یەکیەتییە هەڵبووەشێتەوە.
بڕیاری یەکیەتیی دوو لەسەر سێی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی عەرەب رەوایی پەیدا دەکات.
زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و دەیان وڵات و ناوەندی نێودەوڵەتیی، هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریەیان وەکوو نوێنەری ئەو وڵاتە بەفەرمی ناسیوە.
ئەو بە فەرمیی ناسینە لە حاڵێکدایە کە ئەحمەد مەعاز خەتیب رێبەری بەرەی نیشتمانی سووریە، گەورەترین بەرەی دژبەری رێژیمی بەشار ئەسەد دەستی لە كار كێشاوەتەوە.
مەعاز خەتیب لە پەیامێكدا كە لە فەیس بووكی شەخسی خۆی بڵاوی كردبۆوە، دەست لە كار كێشانەوەی لە بەرپرسیاریەتی بەرەی نیشتمانی راگەیاندبوو و نووسیویەتی: من دەمهەوێ‌ بە ئازادی و بێ‌بەربەست چالاكی بكەم.