کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هاوبەشی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لاوانی کۆمەڵە

15:15 - 20 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، دیدارێکی هاوبەشیان پێک‌‌هێنا و لەو دیدارەدا، لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات و هەلومەرجی هەنووکەیی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە مەبەستی هاوئاراستەکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕای ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، هەیئەتێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی جەلال ڕەوانگەرد سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، سەردانی بارەگای کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ئەو ڕێکخراوەیە بە سەرپەرەستی بەڕێز ئازاد سلێمانی بەرپرسی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، پێشوازییان لێ‏کرا.

لەو دیدارەدا، هەردوو شاندی لاوان کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات و هەلومەرجی هەنووکەیی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

ئەکتیڤ‏کردنەوەی لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات و درێژەدان بە تێکۆشانی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە رێگەی ئەو لێژنەیەوە، بەشێکی دیکەی باسی ئەو کۆبوونەوەیە بوو.

پرسی بەناو هەڵبژاردنەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و تاوتوێکردنی ئەو باسە و هاوئاراستە کردنی هەڵوێستی سەرجەم ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات لەهەمبەر تەحریمی هەڵبژاردن لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی و دەستنیشان کردنی بەربژێر لەو سیستمەدا، بەشێکی دیکەی باسی دیداری هاوبەشی ئەو دوو ڕێکخراوە ڕۆژهەڵاتییە بوو.

جەلال ڕەوانگەرد سکرتێری یەکیەتیی لاوان، ئاوڕێکی لە کۆنگرەی داهاتووی IUSY و پلانی کاریی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان کە تاکە ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتیی بەشداری ئەو ڕێکخراوە جیهانییەیە، خستە بەرباس و خوازیاری وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی سەرجەم لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و یەکدەنگ کردن و هاوهەڵوێستی لە ئاستی جیهانیی بە نیسبەت سەرجەم پرسەکانی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بوون.

لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکاندا سمینارێکی هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، لەهەمبەر پرسی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کەوتە ڕۆژەڤی کارییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا.

لەو دیدارە دۆستانەیەدا، هەر دوو ڕێکخراو، لە هاوهەڵوێستی و یەکگوتاریی لاوانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت هەردوو ڕێکخراو پێداگرییان کردەوە و بەرنامەی کارییان لەو ڕاستایەدا داڕشت.