کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی ئەمریکا حوکمی نزیک بە ٧٠ مانگ زیندانیی بۆ دوو ئێرانی بڕیەوە

21:22 - 15 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئەمریکا دوو هاووڵاتی ئێرانیی بە تاوانی ناردنی کەلوپەلی فڕۆکە بۆ ئێران، به سەرجەم بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.
ئەو دوو هاووڵاتییە بە نهێنیی کەلوپەلی هێلی کۆپتێر و فڕۆکەیان بە کۆمپانیای ایران ایر فرۆشتووە.
حەمید ئاسفی تەمەن ٦٨ ساڵ و بێهزاد کەریمیان تەمەن ٥٣ ساڵ بە ریز بە ٢٣ مانگ و ٤٦ مانگ زیندانی حوکم دراون.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە رێژیمی ئێران هیچ پەرچەکردارێک بەو هەوڵەی ئەمریکا نیشان نەداوە.
جوزف مەک کینلی دادوەری ئەو دۆسیەیە بە ماڵپەڕی رادیۆفەردای راگەیاندووە، ئەو دوو ئێرانییە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیان پێشێڵ کردووە و یاسای ئەمریکایان ناوەتە ژێر پێ.
ئەو دوو هاووڵاتییە پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ ویستبوویان کەلوپەلی فڕۆکەوانی بە ئێران بفرۆشن بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە پێشیان پێ‌گیرابوو.
دادوەری دۆسیەکە وتیشی: ئەو دوو هاووڵاتییە بە رەچەلەک ئێرانییە، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و وتوویانە بڕیار بوو ئەو کەلوپەلانە بۆ سپای پاسدارن رەوانە بکەین.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ساڵی پێشوو گەمارۆی خستە سەر کۆمپانیای ایران ایر و راشیگەیاندبوو هەر کەس، یان وڵاتێک پێوەندی بازرگانیی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هەبێ،‌سزا دەردرێت.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە بەردەوامی رایگەیاندووە، سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بەهۆی رۆڵی سەرەکی لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ئێران، پشتیوانی لە تیرۆریزم و پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ لە لیستەی گەمارۆکان دایە و ئەو تەحریمانەی لەسەر لاناچێت.