کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی چالاکانی عەرەبی ئەهواز بەردەوامە

14:50 - 21 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دەیان چالاکی فەرهەنگی و مەدەنیی عەرەبی ئەهواز بەبێ هیچ هۆکارێک، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کووی ملاشییەی ئەهواز دەیان هاووڵاتیی عەرەبیان دەسبەسەر کرد.
چالاکانی عەرەبی ئەهواز لەو بڕوایە دان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم بۆ دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو چالاکانی فەرهەنگیی عەرەبدا و هەروەها بە مەبەستی پێشگیری لە کۆبوونەوە و بەڕێوەبردنی شەوە شیعر، شەپۆلی ئەم دەسبەسەر کردنانەیان دەست پێ کردووە.
لە نێو ئەو دەسبەسەر کراوانەدا چەندین شاعیر و چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی بەناوەکانی عەبدوڵڵا سەیلاوی، محەممەد باوی، جەواد بەدەوی، حەبیب کرووشات، ماجید هاشمی، سەددووق بەداوی، تەوفیق سورخی، سالم دەغاغلەزادگان، نەواف حموودی، حوسێن حموودی، حەکیم خوسرجی، خەیروڵڵا مەنسووری، ناجی بووغدار، یووسف زەهیری، سەجاد بەدەوی و خەلیل مەروانی، دەبینرێن.
پێشتریش لە شارەکانی رامشیر و ئابادان ژمارەیەک لاوی عەرەب بەهۆی چالاکیی فەرهەنگی و مەزهەبی دەسبەسەر کرابوون.
بنەماڵەی دەسبەسەر کراوان لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی رۆڵەکانیان و هەروەها چارەنووسیان هیچ زانیارییەکیان نییە و نیگەرانی باری تەندروستیی رۆڵەکانیانن.
چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەبی ئەهوازیش پەرۆشی و نیگەرانیی خۆی لە ئازار و ئەشکەنجە و هەروەها هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ئەمنیەتی و قەزایی رێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئەو دەسبەسەر کراوانەدا دەربڕیوە.
لە ساڵی ٢٠١١ـەوە هەتا ئێستا ژمارەی ئەو دەسبەسەر کراوانەی عەرەبی ئەهواز کە لەژێر ئەشکەنجەی وەزارەتی ئیتلاعات گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە ٨ کەس.