کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگدا ٦٤ کەس لە ئێران ئیعدام کراون

18:46 - 7 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٣٦ رۆژدا، ٦٤ زیندانی کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە زیندانی کراون، حوکمی ئێعدامەکانیان جێبەجێ کراوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵییەکانی چالاکی مافی مرۆڤ، لەسەرەتای مانگی رێبەندانی ئەمساڵەوە هەتا رێکەوتی ٦ی رەشەمە ٦٤ زیندانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە زیندانەکانی ئێران و لەبەر چاوی گشتیی خەڵکدا ئیعدام کراون.
لە نێو ئەم ٦٤ هاووڵاتییە ئیعدام کراوەدا هاووڵاتییەکی ئەفغانیش کەلە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراوە، بەرچاو دەکەوێت.
بەپێی ماددەی ٣ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ، هەر کەسێک مافی ژیان، ئازادی و تەناهیی تاکەکەسیی هەیە و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە ژیانی کەسانی دیکە بگرێت.
بەندی ١ی ماددەی ٦ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مەدەنی و سیاسی، باس لەوە دەکات: مافی ژیان، مافی سروشتیی هەر کەسێکە و ئەم مافە پێویستە بەپێی یاسا پارێزگاریی لێ بکرێ و هیچ کەس ناتوانێت بڕیاردەری کۆتایی هێنانی ژیانی کەسێکی دیکە بێت.
رێژیمی ئێران نەک هەر ئەم یاسایانە رەچاو ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی بەربڵاو و بێ‌بەزەییانە سزای ئیعدام بەڕێوە دەبات.
تۆمەتی زۆربەی ئەم ئیعدام کراوانە لەلایەن دەزگا قەزایی‌یەکانی رێژیمی ئێرانەوە هەڵگرتن و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان راگەیەنراوە.
لە هەمان کاتدا شارەزایانی کۆمەڵناسی لەو باوەرەدان بە ئیعدام کردن، ئەو دیاردەیە بنبڕ ناکرێت و پێویستە پلانی زانستیانەی بۆ دابڕێژرێت.
ئێران پلەی دووهەمی لە بەڕێوەبردنی سزای ئیعدام لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە.