کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی بەشێکی دیکە لە رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستانی رۆژهەڵات+وێنە

22:47 - 4 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: ئاگری نەورۆز لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار و ورمێش کراوەتەوە و گوشاری هێزەکانی رێژیم بۆ پێشگیری لە بەرێوەبردنی ئەو رێوڕەسمە، کارساز نەبوون.
لە گوندێکی ناوچەی شنۆ ئاڵای کوردستان هەڵکرا
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردی، لە گوندی سەرگیزی ناوچەی شنۆ ئاڵای کوردستان هەڵکرا و هاووڵاتییانی ئەو گوندە جێژنی نەورۆزیان لە یەکتر پیرۆز کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا گوشاری هێزەکانی رێژیم نەیتوانی پێش بە بەڕیوەچوونی جێژنی نەورۆز لە شاری پیرانشاریش بگرێت.
سەرەڕای گوشاری هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەشەمەی ١٣٩١، نزیک بە ٥ هەزار کەس لە خەڵکی پیرانشار بەرەو بەرزایی پەیام نوور بەڕێ کەوتن و سەرەڕای سارد بوونی کەش و هەوا، بە کردنەوەی ئاگر ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت.
دواتریش بە تاریک بوونی هەوا، هاتنەوە ناو شاری پیرانشار و بە گەشت لێدان لە ناو شار و هەڵپەڕکێی هاوڵاتییان، شایی و خۆشیی نەورۆزیان چەند قات زیاتر کرد.
شایی و هەڵپەرکێی هاووڵاتییانی پیرانشار هەتا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
لە گوندی زیوەی ورمێ بە شێوەیەکی بەرین جێژنی نەورۆز بەڕێوەچوو
هێزەکانی رێژیم بە گرتنی فیلم لەو رێوڕەسمە هەوڵیان دەدا خەڵک چاوترسێن بکەن، هەتا رێوڕەسمەکە بەجێ بێڵن، بەڵام هاووڵاتییان گوێیان نەدا و لە درێژەدان بە رێوڕەسمەکەیان بەردەوام بوون