کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگواستنی پارەی نەوتی ئێران لە خولی نوێی گەمارۆکاندا قەدەغە کرا

14:41 - 19 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: خولی نوێی گەمارۆکانی دەوڵەتی ئەمریکا، کە داهاتە نەوتییەکانی رێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانبار چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.


هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاند، لەمەو بەدوا راگواستنی پارەی نەوتی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی کڕیارەوە قەدەغەیە.
بەپێی ئەم گەمارۆیانە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران دەبێ لە نێو هەمان وڵاتدا هەژمارێکی بانکی بکەنەوە و بردنە دەرەوەی ئەو پارەیە لەو وڵاتەدا قەدەغەیە.
ئێران تەنیا دەتوانێ بەو پارەیە کەلە هەژمارە بانکییەکەی دایە شتومەکێکی دیاریکراو بکڕێت و هاوردەی ئێران بکات.
ئەو بانکانەش کە راگواستنی پارەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن، دەچنە نێو لیستی رەشی ئەمریکاوە و پێوەندییەکانیان لەگەڵ سیستەمی دارایی ئەمریکا دەپچڕێت.
لێپرسراوانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، خولی نوێی گەمارۆکان لەدژی رێژیمی ئێران گاریگەرییەکی بەرین‌تر لەسەر داهاتی نەوتی ئێران دادەنێت.
ئەمە لە کاتێک دایە کە هەنووکە ١٠٠ میلیارد دولار پارەی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بلۆکە کراوە و راگواستنی بۆ ناوخۆی ئێران ئیمکانی نییە.
خولێ پێشووتری گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژی کۆتایی ساڵی ٢٠١١ پەسند و لە ژووەنی ٢٠١٢ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.