کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیاندنێكی رۆژنامەگەری كۆمیتەی كوردی سوسیالیست ئینترناسیۆنال

22:09 - 25 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: كۆمیتەی كوردی لە سوسیالیست ئینترناسیۆنال راگەیاندنێكی رۆژنامەوانیان بلاو كردەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كاتژمێر ١٠ی رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٣ی خاكەلێوە(١٢ئاڤریل) لەسلێمانی پایتەختی رووناكبیری كوردستان، بەپێی بڕیاری دوا كۆنگرەی سۆسیالیست - ئینترناسیۆنالیست (SI) و بەسەرپەرستی سكرتێری (SI) و ئامادەبونی ٢٤ حیزب و لایەنی هەرچوار پارچەی كوردستان، كۆنفرانسی دامەزراندنی كۆمیتەی كوردی بەسترا.

سەرەتا لویس ئەیالا وتارێكی لەسەر گرینگی بەستنی كۆنفرانسەكە لەكوردستان و مێژووی (SI) خوێندەوە و تێیدا جەختی لەسەر دێمۆكراسی و سەركەوتنی ویستی گەلان و دادپەروەری كرد، هەروەها پشتیوانی راپەڕینی گەلانی رۆژهەڵات و كێشەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستانیدا دووپاتكردەوە و هیوای سەركەوتنی دانوستانی توركیە و بەڕێز ئۆجەلان و (PKK)ی خواست.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، لویس ئەیالا پێشكەوتنەكانی ئەزموونی دێمۆكراسی و ئازادی و ئاوەدانییەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووكی بە كارێكی گەورە لەقەڵەمدا، هەروەها لەباسكردنی كۆنگرەی كیپ تاون ٢٠١٢/٨/٢٩دا، باسی دامەزراندنی كۆمیتەی كوردی كورد و رایگەیاند كە لەم كۆنفرانسەدا كۆمیتەكە رادەگەیەنرێت.
پاشان مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان، كە تاقە ئەندامی هەمیشەیی (SI)یە لەپارچەكانی كوردستاندا، وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا روونیكردەوە، كە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایانكردووە كە لەمەودوا لەچاوی گەلانەوە سەیری حكوومەتەكان دەكرێت، نەك لە روانگەی حكومەتەكانەوە سەیری گەلان بكرێت.

مەلا بەختیار وتیشی: هەزارەی سێهەم، هەزارەی سەركەوتنی دێمۆكراسی دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە پێویستە (SI) كارامەتر لە سەدەی رابردوو، پشتیوانی خەباتی دێمۆكراسی لە رۆژهەڵاتدا بكات، ئەگەرنا، هێزە دژە دیموكراتەكان دیسان جڵەوی حوكمڕانی دەگرنەوە دەست.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكیەتیی نیشتمانی داواشیكرد، كە لەهەر بەشێكی كوردستاندا، بەناوی كوردستانەوە، وەكوو شوناسی نیشتمانی كورد و خەڵكی كوردستان، حیزبە كوردستانیەكان لە (SI) دا وەربگیرێن و داوای ئەندامێتی هەمیشەیشی بۆ ئەندامە بەشدار و چاودێرەكانی كوردستانی لە (SI) كرد.

كۆنفرانس، بیروڕای تەواوی حیزبە بەشدارەكانی وەرگرت، كە هەموویان سەرباری جیاوازی رێبازیان، بە سوپاسەوە، پشتیوانی بەستنی كۆنفرانسەكەیان كرد و دامەزراندنی كۆمیتەی كوردیشیان، وەكو كۆمیتەكانی ئافریقا و ئەمریكای لاتین و ناوچەكانی تری جیهان، بە گرینگ و مێژوویی زانی.

دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و ئازادانە، كۆنفرانس ئەم پرنسیپ و بڕیارانەی پەسەند كرد:

١ـ كۆمیتەی كوردی بەرپرسیاریەتی مەلا بەختیار- حیكمەت محەمەد كەریم لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی P.U.K و هاوجێگریی (حەسەنی شەرەفی- ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران) و (نەزمی گۆر- جێگری هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی B.D.P بڕیاری لەسەر درا.
٢- پشتیوانی پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیە و باكووری كوردستان بە ئەركی (SI) زانرا و لەم پرۆسەیەشدا، بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دێمۆكراسی، ئازادكردنی بەڕێز ئۆجەلان، بە گرینگ زانرا.

٣- دابینكردنی مافی دێمۆكراسی لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، وەكو پێویستییەكی هەلومەرجەكە و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاری لێدرا.

٤- ئیئتیلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریە بە بەرپرسیار زانرا، كەوا مافی دێمۆكراسی و سیاسی كورد بسەلمێنن، هەروەها، داوا لە تەواوی حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستانیش كرا، كێشە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن و هەمویان لەژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی قامیشلۆ كۆ ببنەوە، بۆئەوەی رێككەوتنامەی هەولێر جێبەجێ‌بكەن و دووربكەونەوە لە هەر مەترسیەكی چاوەڕوانەكراوی ناوخۆیان.

٥ـ داوا لە حكوومەتی عێراق كرا، كە هێزە سەربازییەكانی لە شوێنە هەستیارەكانی كوردستان و ناوچەكانی مادەی (١٤٠) بكشێنێتەوەو دەرگای چارەسەركردنی راستەقینەی كێشەكان، لەگەڵ تەواوی هێزە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان، بكاتەوە.
٦-جێبەجێكردنی مادەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەپێویستیەكی چارەنوس سازی ئاشتی راستەقینەی كوردستان و بەغداد زانرا.

كۆمیتەی كوردی
سۆسیالیست ئینترناسیۆنالیست
١٣ی ئاڤریلی ٢٠١٣ زایینی
٢٤ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی