کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووخانی رێژیمی سووریە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەخاتە مەترسییەوە/ ئێران بیر لە پاش رووخان دەکاتەوە

14:48 - 27 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی سووریە پاش دوو ساڵ تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ دژبەرانی ئەو وڵاتە، بەرژەوەندییە ناوچەیی‌یەکانی رێژیمی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە و رێژیمی ئێرانیش لە هەوڵی پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە دایە.
رۆژنامەی تایمزی بریتانیایی بڵاوی کردەوە، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان پاش ئەوەی کە هەستیان بەوە کردووە کە رێژیمی بەشار ئەسەد بەرەوە لەناوچوون دەچێت، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان پاش رووخانی ئەسەد، بیر لە دامەزرانی ئەرتشێکی ١٠٠ کەسی دەکەنەوە.
بە وتەی ژەنراڵێکی دەزگای زانیاری ئیسراییل، هەنووکە حیزبووڵای لوبنان و ئێران سەرقاڵی رێکخستنی ئەم هێزە نوێیەن.
ئایۆ کۆچاوی لەم راپۆرتەدا وتوویەتی: هەنووکە رێژیمی بەشار ئەسەد خۆی بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی ئامادە کردووە بەڵام هەتا ئیستا هیچ بڕیارێکی کردەکیی لەو پێوەندییەدا نەداوە.
راپۆرت و زانیارییەکان دەرخەری نزیک بوونەوەی رێژیمی بەشار ئەسەد لە دارووخان دان و ئێران و حیزبوڵڵا نایانهەوێ پاش رووخان، بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەلە ناوەندی نێودەوڵەتیی ستراتیژیک بڵاوبوونەتەوە رایگەیاندووە، تەنیا ٥٠ هەزار کەس لە هێزی ٢٢٠ هەزار لە ئەرتشی سووریە ماونەتەوە و ئەم رێژەیەش رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر دەبێتەوە.
دابەزینی ژمارەی هێزی ئەرتشی بەشار ئەسەد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەیان کوژراون، یان پەیوەست بە دژبەران بوون.
سووریە گرینگ‌ترین هاوپەیمانی عەرەبی و جیهانیی رێژیمی ئێرانە و رووخانی ئەو رێژیمە، سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا زیاتر تەریک دەخاتەوە، بەرژەوەندییە ناوچەیی و ئایدیۆلۆژییەکانیشی دەخاتە مەترسییەوە.
سەرکەوتنی زیاتری دژبەرانی ئەسەد لە ناوخۆی سووریە و کوژرانی لێپرسراوان و رایەدارانی پایەبەرزی نیزامی و ئەمنیەتیی ئەو رێژیمە و جیابوونەوەی لێپرسراوان ، زیاتر لە هەمیشە حیزبوڵڵای لوبنان و لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران نیگەران کردووە، هەر بۆیە بیر لە قۆناغی پاش ئەسەد دەکەنەوە.