کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی هاتوچۆ لە رێگا ناستاندارەکانی کوردستان بەردەوام قوربانی دەگرێت

14:13 - 7 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە ٣ رۆژی رابردوودا چەندین رووداوی هاتوچۆ لە رێگاکانی کوردستان رووی داوە کە لەو رووداوانەدا بەگشتی ٥ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ٦ی دیکەش بریندار بوون.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە رێگای شنۆ بۆ نەغەدە لە نزیک ناوچەی قەڵاتان و دیلان چەرخ، لە ئەنجام پێکدادانی ماشینێک لە جۆری پراید لەگەڵ پژۆیەک، ٤ سەرنشین بوونە قوربانی.
لەو رووداوەدا ئێحسان سەرافی تەمەن ١٨ ساڵ کە شۆفیری پرایدەکە بووە گیانی لە دەست داوە و ٣ کەسی دیکەش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

7234.jpg


هەروەها لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا کە رێگای سەردەشت بۆ پیرانشار، بەهۆی نالێکی و ناستانداریی رێگاوبان، ماشینێکی جۆری پراید وەرگەڕا و شۆفیرەکەی کە تاقە سەرنشین بووە گیانی لەدەست دا.
لەو پێوەندییەدا رووداوێکی دیکەی هاتوچۆ لە سێ‌ڕێیانی حەسەن ئاوا لە رێگای روانسەر بۆ کرماشان، ٣ کەس کوژران و بریندار بوون.
لە رێگای جوانڕۆ بۆ کرماشان، ساڵانە بەهۆی ناستانداردیی رێگاکان و نەبوونی هێماکانی ئاگادارکەرەوەی هاتوچۆ، رووداوگەلێکی زۆری هاتوچۆ روو دەدا.
لە رێگای هاتوچۆی جوانڕۆ بۆ سەلاسی باوەجانی رووداوێکی هاتوچۆ بووە هۆی کوژرانی بووک و زاوایەک. بووکەکە پاش رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام بەهۆی پێڕانەگەیشتن خێرا لەلایەن کادر دەرمانی و پزیشکانی نەخۆشخانەوە، لە هەمان رۆژدا گیانی لە دەست دا.

7235.jpg


لە زۆربەی رێگاکانی هاتوچۆی ئێران و بەتایبەت کوردستان، ناستانداردن و هێمای هوشیارکەرەوەیان نییە و وەکوو هەمیشەش بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەهەمبەر ئەو هەموو رووداوە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ لێدوانێک، یان راگەیەنراوێکیان نەداوە.

رێگای ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی ماشینەنەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان دان و رۆژ بە رۆژ ئاماری قوربانییانی ئەو رووداوگەلە روو لە زیاد بوون دەکات.