کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژهەڵاتی کانادا/ بەڕێوەچوونی رێورەسمی ٦٩مین ساڵڤەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان

19:37 - 22 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لە رۆژهەڵاتی کانادا و بە بەشداریی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی دەڤەری باشووری ئونتاریو بە بۆنەی ٢ی رێبەندانەوە بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێورەسمێک بە بۆنەی ٦٩مین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری سێنت کاترینی رۆژهەلاتی کانادا بەرێوەچوو.

رێورەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن کۆڕی سروودی کرماشان و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ کۆمیتەی رۆژهەلاتی کانادا لە لایەن تاهیر دەرویژەەوە خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: \'\'لە سەر جێگە و پێگەی کۆماری کوردستان و دامەزرێنەرانی بە تایبەتی پێشەوای نەمر لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی هاوچەرخدا زۆر وتراوە و بیستراوە، بەڵام وانەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان بۆ هەموو کات و سەردەمێکی ئەم نەتەوەیە، جێگای لێفێربوونن\'\'.

پاشان چەندین پەیام لە لایەن حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستانەوە کە لەم رێوڕەسمەدا بەشدارییان کردبوو؛ خوێندرانەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کۆمیتەی ئامریکای باکوور، لیژنەی ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستان- عیراق، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ــ کۆمیتەی رێکخستنی کانادا و ماڵی کورد لە تورێنتو لەو حیزب و رێکخراوانە بوون کە پەیامیان پێشکەش کرد.

لە نێوئاخنی رێورەسمەکەدا چەندین پارچەشێعر و پەخشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامەکە و هەروەها پەخشانێک لە سەر کۆماری کوردستان لە لایەن سەتار پاڵانییەوە خوێندرانەوە.

لە درێژەدا هەروەها سروودی \'\'هاتەوە دووی رێبەندان\'\' و چەندین پارچە مووسیقای جوان لە لایەن هونەرمەندانی لاوی دێموکرات پێشکەش کران.
لە بەشێکیتری رێورەسمەکەدا هەر یەک لە هونەرمەندان شەهروز، گەلاوێژ، خالید، شیرزاد و ئالان بە دەنگ و موسیقای خۆشیان و بەشداران بە هەڵپەرکێی جوانیان، شەوەکەیان رازاندەوە.