کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانیی ژنان لە دەڤەری واشینگتۆن بەرز راگیرا

20:42 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات لە ئەمریکا، رێوڕەسمێکی بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە دەڤەری واشینگتۆن بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان، رێوڕەسمێکی بە بەشداریی حیزب و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەبرد.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر مێدیا سەلیمی وێڕای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبوان، ریزبەندی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەی خوێندەوە.
دواتر رەحیم رەشیدی رۆژنامەڤان لە وتەیەکدا باسی لە مێژووی هەشتی مارس و دەور و رۆڵی ژنانی کورد لە خەباتی نەتەوایەتی و یەکسانیخوازیدا کرد.
پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن مەحبووبە حوسێنی ئەندامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتەوە لە ئەمریکا خوێندرایەوە.
پاشان نایب مەشایەخی پەپامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ ئەمریکای پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سەلام کوردی وتاری رێکخرای ١١ی ئەیلوولی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی لە ئەمریکا خوێندەوە.
دواتر دوکتور پەری قەرەداخی بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ئەمریکا سەبارەت بە رۆژی جیهانیی ژنان قسەی کرد و پاشان بەڕێز سەیران شەرەفی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان لە ئەمریکا ژیاننامەی مینا خانم قازی یەکەمین بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی خوێندەوە.

3993.jpg


شایانی باسە کە برووسکەی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەم بۆنەوە بە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوون.
محەممەد داستان کادری دێرینی حدکا بە بۆنەی هەشتی مارسەوە شێعرێکی خوێندەوە و هەروەها شلێر نووری بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان گوڵی بەسەر ژنانی ئامادەبووی ئەو رێوڕەسمەدا بڵاو کردەوە.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی بەختیار پاڵانی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.