کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران ركۆردداری ئیعدام لە جیهان دایە

22:42 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، لەحاڵێكدا كە ژمارەیەک لە وڵاتانی دونیا بەرەو كەم كردنەوەی رێژەی ئیعدام دەڕۆن، رێژیمی ئیسلامیی ئێران و چین بەپێچەوانەی ئەو هەڵویستەی وڵاتانی جیهان هەنگاو هەڵدەگرن.
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئێران لەساڵی ٢٠١٢دا سێ‌سەد و ١٤هاووڵاتیی ئیعدام كردووە و ئەو رێژەیە لە ئێعدام وای كردووە كە ئێران لە ئاستی دونیادا پلەی دووهەم لەمەڕ ئێعدامەكان بۆ خۆی تەرخان بكات.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە رێژەی راستەقینەی ئیعدامەكان لە ساڵی ٢٠١٢لە ئێراندا لەوەی كە هەیە زیاتریش بێت.
بە پێی دوایین ئامارەکان لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ٥٦هاووڵاتی کوردیش لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە ئیعدام کراون.
لەلایەكی دیكەوە لە راپۆرتی ئەو ناوەندە جیهانیدا هاتووە، بە حوكمی ئەوەی لە وڵاتی چین ئامارێكی راستەقینە لەبەر دەست دا نیە ناتوانین رێژەی ئێعدام كراوەكان بڵاو بكەینەوە، بەڵام بەپێی ئاماری چالاكانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٢دا ٦هەتا ٨هەزار كەس ئیعدام كراون.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هوشداری بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین وەكوو عێراق، عەرەبستان، یەمەن وپاكستانیش لەمەڕ چوونە سەری رێژەی ئیعدامەكان داوە.
لە راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، رێژیمی ئێران لە ناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا پلەی یەكەمی لە مەڕ بەڕێوەبردنی ئیعدام هەیە و لە ئاستی جیهانیشدا پلەی یەكەمی هەیە.