کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ رێژیمی سووریەی بە جەنایەتی جەنگی لە دژی مرۆڤایەتیی تاوانبار كرد

22:25 - 22 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ سەرەڕای ئەوەی كە رێژیمی بەشار ئەسەدی بە ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی لەدژی مرۆڤایەتی تاوانبار كردووە، خوازیاری پێداچوونەوە بە هەڵسوكەوتەكانی ئەو رێژیمە لە دادگای لاهە بوو.
ئەو رێكخراوەیە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩١وە هەتا ئێستا ٤٣٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی لەئەنجامی بوردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی سووریە گیانیان لەدەست داوە.
رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لەو راپۆرتەدا كە رێكەوتی ٢٢ی خاكەلێوە لەنیۆیۆرك بڵاوی كردۆتەوە، ئەو كوشتارانەی بەسیستماتیك و بە ئەنقەست لەقەڵەم داوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، فڕۆكە جەنگییەكانی سووریە زیاتر ئەو شوێنە گشتیانەی وەكوو نانەواخانەكان دەكەنە ئامانج.

لەلایەكی دیكەوە ئەو رێكخراوە جیهانییە رەخنەی لەوڵاتانی چین و رووسیە گرتووە و رایگەیاندووە، ئەو دوو حكوومەتە هەتا ئێستا دەنگیان بە بڕیارنامەكانی وڵاتانی ئورووپا بەدژی سووریە نەداوە.
بەپێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دەسپێكی ناڕەزایەتییەكان لە سووریە زیاتر لە ٧٠هەزار كەس كوژراون و نزیك بە یەك میلیۆن و ٣٠٠هەزار كەسیش ئاوارە بوونە.