کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی رۆژی شەهیدانی كوردستان لەوڵاتی سوێد بەڕێوە چوو

16:29 - 11 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: بە بۆنەی رۆژی 10‌ی خاكەلێوە رێوڕەسمێك لە شاری فاڵون و سیمینارێكیش لە شاری ستۆكهۆڵمی سوێد بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا: رۆژی شەممە رێكەوتی ١٠ی خاكەلێوەی ٢٧١٣ی كوردی بۆ رێزگرتن لەو رۆژە لە شاری فاڵون كۆڕیادێك بەڕێوە چوو و سەرەتا سروودی ئەی رەقیب خوێندرایەوە و چەند ساتێك بێ دەنگیش بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان راگیرا.


لەو رێوڕەسمەدا دایكی شەهید غەفور میهدی زادە ١٠ مۆمی بۆ رێزگرتن و بۆ ئارامی رۆحی پاكی شەهیدان داگیرساند.

دواتر پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە هەرێمی فاڵون لەلایەن جەمیل ئەمین پوورەوە پێشكەش كرا و پاشان بەڕێز حەمەدەمین كەریمیان، تێكوشەری دێرین چەند وتەییەكی بەو بۆنەوە پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

دواتر جەمیل عوزەیری شێعر و بابەتێكی بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی كوردستان پێشكەش كرد و هەروەها پێشانگایەكی وێنەی شەهیدانیش لەو رێوڕەسمەدا ئامادە كرابوو و هەروەها مەولوود ئازەر ئەفشان، ئەندامی كۆمیتەی شاری فاڵون رێزی لە 10 بنەماڵەی شەهید گرت و شاخە گوڵ و وێنەی شەهیدانی پێشكەش كردن.

هەر لەو پێوەندییەدا سیمینارێكیش بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی كوردستان و لە سێدارە دانی پێشەوا و هاوڕێیانی لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ـ ستۆكهۆڵم بۆ بەڕیز تاهیر عەلیار و سەكینە جەوانمەرد پێك هات.

سەرەتای سیمینارەكە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەكێك بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر هەر یەك لە بەڕێزان سەكینە جەوانمەرد، ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێمۆكرات و چالاكی بواری ژنان و تاهیر عەلیار ئەندامی پێشووی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەسەر رووداوە مێژووییەكانی ناوچە و كاریگەریان لە سەر نەتەوەی كورد، كۆماری كوردستان و قازی محەممەد بۆ بەشداران دوان.

دواتر بە بەخشینی چەپكە گوڵ رێز لە بنەماڵەی شەهیدان و هەروەها دوو لاوی چالاكی حیزبی بە ناوەكانی ئیدریس رەشیدی و شاهین خوسرەوی گیرا.