کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو

18:56 - 13 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان بە بۆنەی ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە، رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن کومیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە بۆنەی ٦٩هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و خەڵکی ئوتریشی تێدا بەشدار بوون، بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی ئەم دواییانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – ئوتریش بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب جەزا ساڵحی خوێندرایەوە.
هەروەها فێلمیکی وێنەیی کە لەسەر کۆماری کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن حوسەێن خاڵخاڵ ئامادە کرابوو؛ لە رێوڕەسمەکەدا پیشان درا.
بەپێی ئەم راپۆرتە، پارتی دێموکراتی کوردستان رێکخراوی ڤیەن، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڤیەن، کۆمیتەی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە ئوتریش، رێکخراوی حیزبی شیوعی کوردستان لە رێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق، پارتی دێموکراتی کوردستان-سوریە و مەڵبەندی کوردی ڤیەن لە رێوڕەسمەکەدا بەشداریان کردبوو.

ژوان.ک