کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لە کوردستان بە گوشارهێنان، خەڵکی کەم داهات لە رێپێوان و رێوڕەسمەکانی \"دەیەی فەجر\"دا بەشداری پێ دەکات

13:41 - 15 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران بەمەبەستی قەرەباڵغ کردنی رێوڕەسمی دەیەی فەجر کەڵک لە خەڵکی فەقیر و کەم داهات وەردەگرێ و پیرەژن و پیرە پیاوانی ئەندامی کۆمیتەی ئیمداد،ناچار دەکات کە بەشداری ئەو رێوڕەسمە بن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا لە ساڵۆنی وەرزشیی شاری شوێشە، رێوڕەسمێک بە ناچار کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە گیرا.
ئەم رێوڕەسمە بە بەشداریی فەرماندەرانی سپای پاسداران و بەسیج، بەخشداری و بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و ژمارەیەک بەسیجی قەرەباڵغ کرابوو.
هاووڵاتییەکی خەڵکی شوێشە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو رێوڕەسمە بە بەشداریی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی رێژیم، قەرەباڵغ کرابوو و ژمارەیەک لە پیرەپیاوان و پیرەژنانی سەرووی تەمەن ٦٠ ساڵ کە ئەندامی کۆمیتەی ئیمداد بوون، بە ناچار لەم رێوڕەسمەدا بەشدارییان پێ کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە ئەوەشی خستە روو کە ئەم پیرە ژن و پیرە پیاوانە بە مینی‌بووس لە گوندەکانی دەوروبەرەوە هێنرابوون و تەنانەت شوێنی دانیشتنیشیان بۆ دابین نەکرابوو و بە ناچاری لە بەر باران و سەرما راگیراوون هەتا رێوڕەسمەکە کۆتایی پێ هاتووە.
بەڕێوەبەران و دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە ساکاری و سادەیی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد کەڵکاوەژو دەکەن، بە هەڵخڕاندنی کۆمەڵێک باس وەکوو باسی یارانەکان، پارەی کۆمیتەی ئیمداد و کۆمەڵێک وردە خاروباری دیکە، ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی دەیەی فەجر پڕ لەم خەڵکانە دەکەن.