کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا

14:43 - 10 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: چالاکێکی کورد بەناوی \'\'ئارمان پەرویزی\'\' بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا.


کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، ئارمان پەرویزی کوڕی رەشید خەڵکی شارستانی مەهاباد کەلە کۆتایی‌یەکانی ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسی دیکە دەسبەسەر کرا، لە ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە دادگای ئینقلابی شاری رەشت بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران\'\' سزای ئیعدامی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، حوکمی ئیعدامی ئارمان پەرویزی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی بە ناوبراو راگەیەنراوە.
ئارمان خوێندکاری رشتەی میعماریی زانینگەی رەشت بووە و ئەمە سێهەمین زیندانیی کوردە کە پاش هاتنە سەرکاری دەوڵەتی رووحانی سزای ئیعدامی بەسەردا سەپاوە.
ماوەیەک پێش ئێستا دوو زیندانیی دیکەی کورد بەناوکانی \'\'سابیر موخەلید موانە\'\' خەڵکی ئورمیە و \'\'محەممەد عەبدوڵڵاهی\'\' سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپا.
سابیر موخەلید مورانە لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی دەسبەسەر و پاش سێ مانگ دەسبەسەرکران لە ئیتلاعاتی سپا بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران، سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا.
محەممەد عەبدوڵلاهی زیندانیی سیاسیی کورد کە هەنووکە لە زیندانی مەهاباد دایە، لە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا.
بە هەژمار کردنی ئەم ٣ زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە ژمارەی چالاکانی سیاسیی کورد کە حوکمی ئیعدامیان بۆ دەرچووە، گەیشتووەتە ٢٥ کەس.
ناوی ئەو زیندانییانە بریتییە لە:


حەبیبوڵڵا لەتیفی، رەشید ئاخکەندی، مستەفا سەلیمی، شێرکۆ موعارفی، سمکۆ خورشیدی، سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیسا پوور، رزگار ئەفشاری، سامان نەسیم، زانیاری مورادی، لوقمان مورادی، هووشەنگ رەزایی، بێهرووز ئالخانی، سەید سامی حوسێنی، سەید جەماڵ محەممەدی، بەختیار مێعماری، مەنسوور ئاروەند، سابیر موخەلید موانە، محەممەد عەبدوڵڵاهی، عەلی ئەحمەد سولێمان، رەزا مەلازادە، حوسێن فرووهیدە و ئارمان پەرویزی.